كۆبونی نوێی خۆراك زمانی كوردی لەسەرە و بەسەر بریكارەكانی خۆراكدا دابەش ده‌كرێت


كۆبونی نوێی خۆراك زمانی كوردی لەسەرە و بڕیارە ئەمڕۆ بگاتە سلێمانی و بەسەر بریكارەكانی خۆراكدا دابەشبكرێت.

لەو بارەیەوە یاسین مەحمود بەڕێوەبەری رێكخستنی پسوڵەی خۆراكی سلێمانی  راگەیاندووە: بەهۆی ئەوەی كۆبوونی نوێی خۆراك بەتەنها بەزمانی عەرەبی چاپ كرابوو و زمانی كوردی تێدا پشتگۆێ خرابوو, لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەكانی پارێزگاكانی هەرێمەوە رەتكرایەوە كەمامەڵەی پێوە بكرێت و بۆیە جارێكی تر رەوانەی بەغدا كرایەوە,  بەڵام دواتر زمانی كوردی بۆ كۆبۆنی نوێی خۆراك زیادكراوە و بڕیارە ئەمڕۆ بگاتە سلێمانی, وتیشی: داوا لە هاووڵاتیان دەكەین لە هەفتەی ئایندەدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان نەكەن چونكە سەرقاڵی كاری ئەو كۆبۆنە نوێیانە دەبن و بەسەر مەڵبەند و بریكارەكاندا دابەشی دەكەن. 

بەڕێوەبەری رێكخستنی پسوڵەی خۆراكی سلێمانی راشیگەیاندووە: پێشتر ناسنامەی سەرۆك خێزان و كارتی زانیاری و فۆڕمی كۆنی خۆراك لە هاووڵاتیان وەرگیراوەتەوە، بۆیە پێویست ناكات كارتی نیشتمانی یان هەر پێداویستیەكی دیكە لە هاووڵاتیان وەربگیرێت لەپێناو وەرگرتنی فۆڕمە نوێیەكە, ئەوەشی خستەڕوو: دوای جیاكردنەوەی فۆڕمەكان بەپێی مەڵبەند و بریكارەكان لە ئایندەیەكی نزیكدا فۆڕمی 2017 – 2018 بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.