پشكنینی كاڵا و شمه‌ك لەده‌روازه‌ی باشماخ بەكەرتی تایبەت سپێردراوە

پشكنینی كاڵا و شمه‌ك و كەرەستەی بازرگانی و سوتەمەنی لەده‌روازه‌ی سنوری باشماخ بەكەرتی تایبەت سپێردراوە.

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ”سەرجەم كاڵا و بارە بازرگانییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ دەنێردرێتەوە بۆ كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت به‌ناوی (رەزگە) بەمەبەستی پشكنین و ڕێگەپێدان، بۆیه‌ داواكارین باج و روسوماتێكی زۆر نه‌خرێته‌ سه‌ر ئەو كاڵاو شتومه‌كانه‌ی هاورده‌ی هه‌رێمی كوردسان ده‌كرێت چونكه‌ وه‌رگرتنی باج و روسماتێكی زۆر ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخ و سه‌ر ئەنجام هاوڵاتیان زه‌رمه‌ند ده‌بن”.

سه‌رۆكی ژوور راشیگه‌یاند ”رۆژی سێشه‌ممه‌ ٢٧٢٢٠١٨ بەئامادەبوونی هەریەكە لەلێپرسراوی بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی و بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ و لێپرسراوی بازرگانی كۆمپانیای نۆكان و لێپرسراوی كۆمپانیای رەزگە و  سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نوێنەری چەند فەرمانگەیەكی پەیوەندیداری باشماخ، كۆبونەوەیەك ئەنجامدرا بۆ تاوتوێكردنى چه‌ند پرسێكى په‌یوه‌ست به‌ بازرگانى له‌ مه‌رزى باشماخ”.

وتیشی “لەكۆبونەوەكه‌دا له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككەوتین له‌وانه‌ سەبارەت بە ئۆتۆمۆبێلی شەحن لەگەڵ كۆمپانیای (BV) كۆبوونەوە بكرێت بەمەبەستی دیاریكردنی ئەو خەسڵەتانەی كە پێویستە بۆ هاتنى ئۆتۆمۆبێل بۆ هەرێم و ئاماده‌كردنى لیستێك بەهەماهەنگی و بەپێی ڕێنماییەكان بۆ سەرجەم شتومەك و كاڵا بازرگانییەكان، كە چ جۆرێكیان پێویستی بە بڕوانامە هەیە تا كاری لەسەر بكرێت”.

له‌ خاڵێكى دیكه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه‌، بریتیە لەوەی كە كرێی پشكنینی سوتەمەنی پێویستە تەنها كۆمپانیای ڕەزگە وەریبگیرێت و بڕەكەی (٥٠ هەزار دینار) دەبێت، لەئێستدا وەرگرتنی نرخی پشكنینی هەمان نرخی پێشوو دەبێت تاوەكو كۆبوونەوە لەنێوان تاقیگەكانی مەرزەكانی (باشماخ، پەروێزخان، حاجی ئۆمەران)دا دەكرێت و نرخەكان دیاریدەكرێت و كۆتاخاڵیش بریتیە لەوەی كە هێنانی بڕوانەمەی (COC) لەلایەن بازرگانەكانەوە دوا بەروار (١٧-٣-٢٠١٨) دەبێت.