رۆژنامەی Los Angeles Times بە بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار کڕدرایەوە


رۆژنامەی Los Angeles Times ی بە ناوبانگی ئەمریکی، بە بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە لایەن ملیاردێری ئەمریکی، پاتریک سوون شیۆنگ کڕدرایەوە.

کۆمپانیای ترۆسی ئەمریکی کە بە کۆمپانیای سەرەکی رۆژنامەکە ھەژمار دەکرێت، رایگەیاند کە کەسێکی دیکە بووەتە خاوەنی رۆژنامەی Los Angeles Times ی ئەمریکی.

بەپێی راگەیەنراوەکە، ئەو رۆژنامەیە بە بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای Nant Capital کڕدراوە کە خاوەنی ئەو کۆمپانیایە کەسێکی ملیاردێرە لە بواری بایۆتەکنۆلۆجی بە ناوی پاتریک سوون شیۆنگ.

ھەر بەپێی رێککەوتنەکە، میدیای San Diego Union-Tribun و چەند میدیایەکی دیکەی کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی ناوبراوەوە.

لەمبارەیەوە سوون شیۆنگ رایگەیاند “ھەروەک خۆی نەریتی رۆژنامەگەری Los Angeles Times درێژە پێ دەدەین”.

ماوەیەک بەر لە ئێستا کێشە کەوتە نێو ئیدارەی ناوخۆیی ئەو رۆژنامەیە و لە دوای ئەوەی بەڕێوەبەری ئەو رۆژنامەیە بە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبار کرا و مۆڵەتی بێ مووچەی پێدرا، ئیدارەی ئەو رۆژنامەیە کەوتە دەست سێ ئیدیتۆر.