سلێمانی؛ مۆلیدە ئەهلییەكان هەڕەشەی راگرتنی پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان دەكەن

سەرۆكی لیژنەی بەدواداچونی كێشەی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی رایگەیاند ئەگەر تا سبەی داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكرێن كە زیادكردنی نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكانە ئەوە پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان رادەگرن.
 
سەردار حاجی دەروێش، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچونی كێشەی مۆلیدە ئەهلیەكانی سلێمانی، ئەمڕۆ(یەكشەممە) لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند  یەكەی ئیداری نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەكانی بۆ هاوڵاتیان كەمكردۆتەوە، بۆیە ئەوەش وایكردوە خاوەن موەلیدە ئەهلییەكان زیانیان بەربكەوێت.
 
وتیشی”ئەگەر لەلایەن یەكەی ئیداری سلێمانییەوە داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرا، بەداوای لێبوردنەوە لەخەڵكی سلێمانی، ناچارین  لەكاتژمێر 2:30 خولەكی پاشنیوەڕۆی سبەینێ(دوشەممە)وە كارەبا بەسەر هاوڵاتیاندا بكوژێنینەوەو كارەبای موەلیدەیان پێنەدەین.” 
 
ئەوەشی خستەڕو كە جیاوازی لەنێوان نرخی پێدانی موەلیدەی ئەهلی لەسلێمانی و هەولێر هەیەو وتیشی”لەهەولێر بۆ ئەم مانگە نرخی هەر سەعاتێك كاركردنی موەلیدەی ئەهلی بە 46 دینار دیاریكراوە، بەڵام لەسلێمانی 42 دینار، ئەوەشی داوای دەكەین زیادكردنی بڕی 500 دینارە بۆ هەر ئەمپێرێك.”