سایلۆی کۆنی سلێمانی بە شێوەی تەقاندنەوەی کۆنترۆڵکراو دەروخێنرێت

کۆمپانیای هیوا ڕەئوف بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدان ڕۆژی هەینی ٢-٢-٢٠١٨ هەڵدەستێت بە روخاندنی سایلۆی کۆنی سلێمانی بە شێوەی تەقاندنەوەی کۆنترۆڵکراو بەسەرپەرشتی هەردوو کۆمپانیای (ASI) ئەمریکی و (EGE NITRO) تورکی و بە ئاگاداری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاش گرتنەبەری ڕێکاری سەلامەتی و ئەمنی، بۆ دروستکردنی پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی گەورە لەشوێنی زەوی سایلۆکە.

لە لێدوانێکیدا بۆ بەشی ڕاگەیاندنی کۆمپانیای هیوا ڕەئوف، (ڕێباز هیوا) بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی کۆمپانیا ڕایگەیاند: “سایلۆی کۆنی سلێمانی لە کۆتایی حەفتاکاندا بونیاد نراوە، بەڵام بەهۆی جەنگە یەک لە دوا یەکەکانی ناوچەکەوە پرۆژەکە تەواو نەکراوە ، وەزارەتی بازرگانی نەیتوانیوە سودمەند بێت لێی. 

بەو هۆیەوە لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بڕیاریدا کە زەوی دامەزراوەکە بۆ پرۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنان بەکاربهێنێت، بەو مەرجەی سایلۆیەکی نوێی گەنم بە هەمان قەبارەو بە ستانداردی نوێی جیهانیی لە دەرەوەی سنووری شاری سلێمانی دروست بکرێت لەگەڵ بینای کۆمەڵگەی فەرمانگەکان.

پاش کێبڕکێی نێوان (۱٤) کۆمپانیای وەبەرهێنان لەسەر وەرگرتنی زەوی پڕۆژەکە بەپێی بانگەوازی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ، لە ئەنجامدا پێشنیارو بیرۆکەی کۆمپانیای هیوا ڕەئوف توانی سەرکەوتوو بێت، بە پێشکەشکردنی باشترین پرۆپۆزەڵ بۆ شوێنی سایلۆ کۆنەکەو دەستەبەرکردنی سەرجەم مەرجە داواکراوەکان.

مەرجی یەکەم دروستکردنی سایلۆیەکی چل هەزار تەنی گەنم بوو لە قەزای (سید صادق – شانەدەری) کە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک ڕادەستی حکومەتی هەرێم کرا لە بەرواری (٢٨-٥-٢٠١٥) بە تێچوی (پانزە ملیارو شەش سەد ملیۆن) دینار، مەرجی دووەم دروستکردنی بینای کۆمەڵگەی فەرمانگەکانی بازرگانی و پیشەسازی لەناو شاری سلێمانی بە تێچوی (سێ ملیار) دینار لە بەرواری (١١-٨-٢٠١٤) ڕادەست کرا”.

هەروەها ئەندازیار (ئاری ئەحمەد) بەڕێوەبەری پرۆژەکە ڕایگەیاند: “سایلۆی کۆنی سلێمانی پێکهاتووە لەسێ بەشی سەرەکی، دوو گەنجینە بە بەرزی چل مەتر و تاوەرێک بە بەرزی شەست مەتر. بۆ ڕووخاندنەکەی پێویستی بەوە دەکرد گونجاوترین و سەلامەتترین ڕێگا هەڵبژێرین، پاش ڕاوێژکردن لەگەڵ چەندین کۆمپانیای تایبەتمەندی بیانی، ڕێگای ڕووخاندنی سایلۆکە بە شێوەی تەقینەوە پەسەند کرا.

“پرۆژە نوێیەکە بە ناوی (داونتاون) دەبێت و پێکهاتووە لە کۆمەڵگەیەکی گەورەی گەشتیاری و بازرگانی و نیشتەجێی، کە دەبێتە نمونەیەکی سەردەمیانە لە سلێمانی”.

بەشی ڕاگەیاندنی کۆمپانیای هیوا ڕەئوف بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدان. 
٣٠-١-٢٠١٨