پشکەکانی کۆمپانیای ئەپڵ لە بۆرسەی نیویۆرک ٢٢ ملیار دۆلار دابه‌زی

دوای دەنگۆی سنوودارکردنی بەرھەمھێنانی ئایفۆن ئێکس، ئەمڕۆ بەھای کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمریکی ئەپڵ نزیکەی ٢٢ ملیار دۆلار داکشا.

پشکەکانی کۆمپانیای ئەپڵ لە بۆرسەی نیویۆرک بە بەروارد لەگەڵ رۆژی ھەینی رابردوو، بە رێژەی ٢،٦ دابەزی و ھەر پشکێک بە ١٦٧،٠٧ دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.

رۆژی ھەینی رابردوو بەھای کۆمپانیای ئەپڵ نزیکەی ٨٨٠ ملیار دۆلار بوو. کەچی ئەمڕۆ بە کەمبوونەوەی ٢٢ ملیار دۆلار، ئەو رێژەیە بۆ نزیکەی ٨٥٨ ملیار دۆلار داکشا.

ھاوکات پشکەکانی کۆمپانیای ئەپڵ لە میانی یەک ھەفتەدا، بە رێژەی لەسەدا ٦،٤ دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بەم پێیەش لەنێو ئەم قۆناغەدا، ٥٨ ملیار دابەزی.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ رۆژنامەی Nikkei Asian Reviewی ژاپۆنی بڵاوی کردەوە کە کۆمپانیای ئەپڵ لە مانگی کانوونی تا ئادار بەرھەمھێنانی ئایفۆن ئێکس بۆ نیو کەم دەکاتەوە و ژمارەی ئایفۆن ئێکس دەبێت بە ٢٠ ملیۆن دانە.

لە ھەواڵەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە لە دوای سەری ساڵ بە بەراورد لەگەڵ مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو لە ھەریەک لە ئەمریکا، چین و ئەورووپا خواست لەسەر ئایفۆن ئێکس کەمی کردووەتەوە.

ھاوکات پشکەکانی کۆمپانیای ئەپڵ ئەمڕۆ کەمێک بەرزبوونی بەخۆیەوە بینی و ھەر پشکێک بە ١٦٧،٩٦ دۆلار مامەڵەی لەگەڵ کرا.