“لەماوەیەكی نزیكدا، بانگێشتی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكانی كەمدەرامەتی شاری سلێمانی دەست پێدەكات”

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند لە هەفتەكانی داهاتوودا قۆناغی یەكەمی دروستكردنی یەكەی نیشتەجیبوون بۆ خەڵكانی كەمدەرامەت رادەگەریەنرێت و كێ بڕكێش لەنێوان كۆمپانیاكاندا لەسەر نرخی یەكەكان و ماوەی قیستەكان دەبێت.
بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی لەدیوانی پارێزگا سەرپەرەشتی كۆبوونەوەیەكی كرد كە هەرەیەك لە سەرۆكی شارەوانی سلێمانی قائیمقامی ناوەندی سلێمانی بەرێوەبەری فەرمانگەكانی ئاو و كارەبا و ڤێتەرنەری سلێمانی تیدا ئامادەبوون ، لە كۆبوونەوەكەدا بەچەند تەوەرێك گفتوگۆ كرا لەبارەی باشتر رێكخستنی سیمای شاری سلێمانی نەهێشتی دیاردە نایاسایی و ناشارستانیەكان پەلەكردن لە جێ‌ بەجێ‌ كردنی ئەو پرۆژە ستراتیژیانەی كە زۆرترین خزمەت بە هاووڵاتیان دەكەن. 
پارێزگار دووپاتی كردەوە  كە دەبێت رێگری بكرێت لە پێشێلكردنی هەقی گشتی و زیادەڕەوی كردنە سەر شەقام و شۆستەكان   داوای لەلایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە هەڵمەتێكی كۆنكرێتی و هەمیشەی  بۆ ئەو مەبەستە دەست پێبكەن و لە پێشدا لەو بارەیەوە رێنمای بدەن بە هاووڵاتیان و ئەگەر پێویست بوو دواتر مامەڵەی یاسای تر بگیرێتە بەر .
پارێزگار لە بەشێكی تری وتەكانیدا  فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی راسپارد بە هەموو شێویەك رێگری بكەن لە سەربڕی ئاژەڵ لە شوێنی ناشیاو و بەشێوی نایاسای ولەقەزاو ناحیەكانیش سەربڕینی ئاژەڵ بخرێتە ژێر كۆنترۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەكان 
هەروەك پارێزگار ئاماژەی بۆ دیاردەی بڵاوبوونەوەی ئاژەڵی بەرەڵا كرد و داوای كرد چارەسەری پێویستی ئەو دیاردەیە بكرێت ، سەبارەت بەو دیاردەیە بەرێوەبەری فەرمانگەی ڤێتەرنەری سلێمانی روونیكردەوە بەبەردەوامی هەڵمەتی لەناوبردنی سەگی بەرەڵا جێ‌ بەجێ‌ دەكرێت بەڵام بەو سیستمی كاركردنەی ئێستا دیاردەكە كۆنترۆڵ ناكرێت و رایگەیاند لە ئێستا پرۆژەیەك هەیە بۆ كۆكردنەوەو چاودێریكردن و كوتانی سەگی بەرەڵا لە شوێنیكی دیاریكراو داخراودا بەوەش دەتوانرێت دیاردە بنەبڕ بكرێت و لەهەمان كاتدا لایەنی ئاژەڵ پارێزیش رەچاو بكرێت، قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانیش داوای كرد ئەو پرۆژەیە بەهەمان شێوە بۆ ئاژەڵە بەرەڵاكانی تریش جێ‌ بەجێ‌ بكرێت.
پارێزگاری سلێمانی پشگیری خۆی بۆ ئەو پرۆژەیە دەربڕی و ئامادەی  بۆ هەموو هاوكاریەك نیشانداو داوای كرد كاری زیاتر لەسەر ئەو پرۆژەیە بكرێت.
لەتەوەرەێكی تری كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند نەخشەی دروستكردنی چەندین هەزار یەكەی نیشتەجێبوون  بۆ فەرمانبەران خەڵكانی كەمدەرامەت و كرێنشین تەواو بووە كە پرۆژەیەكی ستراتیژیە بۆ خزمەت بە هاووڵاتیان و هەندێك تێبینی بچوكی لەسەر ماوەو زەوی بۆ دابینكراوەو لە چەند هەفتەی داهاتوودا دروستكردنی قۆناغی یەكەمی ئەو یەكانە بانگەشەی بۆ دەكرێت.
پارێزگار لەو رووەوە روونیكردەوە ئەو پرۆژەیە بایەخێكی زۆری بۆ هاووڵاتیان هەیەو جگەلەوەی هاوكاری خەڵكانی كەمدەرامەت دەكات كە بتوانن لە كێشەی كرێچێتی رزگاریان بێت هاوكات كێشەی زیادەرەوەیش كەم دەكاتەوە.
وتیشی: تایپی یەكەكان و مواصەفاتەكانیان لەلایەن حكومەتەوە دیاریكراوەو و سەرپەرەشتی دەكرێت و ئەو كۆمپانیانەی یەكەكان دروست دەكەن تەنیا لەسەر نرخی یەكەكان و ماوەی قیستەكان كێ‌ بڕێكی دەكەن.
پارێزگار داوای لەفەرمانگە پەیوەندیدارەكان كرد  گرنگی زیاتر بە كاری ئەو پرۆژەیە  بدرێت و بەهەموو لایەك هەوڵی جێ‌ بەجێ‌ كردنی بدرێت بە باشترین شێوە.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا هەماهەنگی نێوان فەرمانگەكان و كێشەی پارەی كارەبا و  هاوكاری كردنی ئاوارەكانی سوریا گفتوگۆی لەبارەوە كرا.