بانكی نێودەوڵەتی بودجەی تایبەت بۆ بەنداوی دەربەندیخان تەرخان دەكات


بانکی نێودەوڵەتی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بودجەیەکی تایبەت تەرخان دەکات بە مەبەستی چاککردنەوەی سەرجەم ئەو زیانانەی کە بەر بەنداوی دەربەندیخان کەوتوون لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو.

ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند “تیمێکی بانکی نێودەوڵەتی سەردانی بەنداوی دەربەندیخانیان کردوە و بە مەبەستی ئاگاداربون لە قەبارەی زیانەکانی بەنداوەکە، بڕیارە بودجەیەکی تایبەت تەرخان بکەن بە مەبەستی چاککردنەوەی زیانەکانی”.

ڕوونیشیکردەوە کە جگە لەوەی تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی یەک ملیار دیناری تەرخان کردووە بۆ بەنداوەکە و حکومەتی عێراقیش بڕیاری داوە پارە بۆ تیمێکی پشکنینی بیانی تەرخان بکات بۆ زانینی قەبارەی زیانەکە، بەڵام تا ئێستا دەستبەکار نەبوون.

ڕەحمان خانی راشیگەیاند ئەوان ناچاربوون بەشێک لە ئاوی بەنداوەکە بەربدەنەوە بۆ دوورخستەوەی مەترسی لەسەر بەنداوەکە تا ئەوکاتەی ئەو تیمە دڵنیاییان پی دەدات.
لە ڕۆژی 12ی تشرینی دووەمی 2017 بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.3 بە پلەی رێختەر ناوچە سنورییەکانی نیوان هەرێمی کوردستان و ئێرانی هەژاند، کە لەو بومەلەرزەیەدا بەنداوی دەربەندیخان زیانی بەرکەوت.