فێستیڤاڵی ھەرزانکردنی نرخ لەسلێمانی کرایەوە


فستیڤاڵی ھەرزانکردنی نرخ لەشاری سلێمانی کرایەوە کە زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا بەشدارە تیایدا.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازاگانی و پیشەسازی سلێمانی  ڕایگەیاند” ڕۆژیی دووشەممە ٢٠١٨/١/١ فێستیڤاڵی داشکاندنی نرخ لەشاری سلێمانی لەلایەن پارێزگاری سلێمانیەوە کرایەوە کە کۆمپانیاکانی کوردستان بەشداریان تێدا کردووە ، فێستیڤاڵەکە تایبەت کراوە بە داشکاندنی نرخەکان”.
 
وتیشی” ئێمە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پشتیوانی لەو فێستیڤاڵە دەکەین و ھەموو ھاوکارییەکمان پێشکەشی سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە کردووە تا کارەکانیان سەرکەوتوبێت و بتوانن سود بەخەڵک و فەرمانبەران بگەیەنن”.

فێستیڤاڵی ھەرزانکردنی نرخ لەناو کارگەی جگەرەی سلێمانی کرایەوە کەتیایدا کۆمپانیا جیاوازەکان لە خۆراک و جوانکاری و پاکەرەوە و ئەلکترۆنی و کاری دەستی خانمان و بەرھەمی ناوخۆی و کشتوکاڵی و چەندین بواری دیکە بەشداری دەکەن وەک ھاوکاریەک بۆ ھاوڵاتیان لەم قەیرانەدا.

بنار ھیدایەت وتەبێژی فێستیڤاڵەکە ڕایگەیاند” ئەم فێستیڤاڵە بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا و ڕێکخراو دەست بەکارەکانی کرد کەتیایدا بواری خۆراکی و کارەبای و ئیشی دەستی خانمان و بەرھەمی ناوخۆی جوتیاران و کتێب و چەند بوارێکی دیکە لە خۆدەگرێت”.

ڕاشیگەیاند” ئامانجی ئەم فێستیڤاڵە ھاوکاریکردنی خەڵکی کەم دەرامەت و فەرمانبەرانە کە کۆمپانیاکان نرخەکانیان داشکاندووە تابتوانن لەم قەیرانەدا ھاوکاری خەڵک بن”.

فێستیفاڵی ھەرزانکردنی نرخ بۆماوەی ٣٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەشڵێت” ئەم بازاڕە بۆھاوڵاتیان و فەرمانبەران لەم قەیرانی ئابوریە و نەبونی موچەیەدا زۆرگرنگە تابتوانێت ھاوکارێکی باشبێت لەھەرزانی نرخەکاندا وە بەشداریکردنی کۆمپانیاکان ئەرکێکی نیشتمانی و خەمخۆرانی خەڵکە”.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئاماژە بەوەشدەکات “بازرگانانی شاری سلێمانی ھەمیشە لەکاتی قەیرانەکاندا توانیویانە ڕۆڵی گەورە بگێڕن لەھاوکاری کردنی خەڵک و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە بۆیە ئەمجارەش باوەڕمان وایە کە بازرگانان جارێکی ترھاوکاری فەرمانبەران و خەڵکی کەمدەرامەتدەبن بەدابەزاندنی نرخی شتومەکەکانیان لەو بازاڕەدا”.


سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەشدا” لەو بازاڕەدا داوامانکردووە کە گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆی بدرێت تا ھاوڵاتیان ئاشنابن بەبەرھەمەکان و جوتیاران بتوانن کارەکانی خۆیان بناسێنن و بتوانن بیفرۆشن و ھاوڵاتیانی خۆشمان زیاتر گرنگی بەبەرھەمی ناوخۆی بدەن تا پارەی کوردستان نەڕواتە دەرەوە و لەناوخۆدا بمێنێتەوە بەمەش ئابوری وڵات بەرەو بەرزی دەڕوات و دەرفەتی کارکردن لەناوخۆدا زیاتر دەبێت”

بەھۆی قەیرانی دارای و دواکەوتنی موچەوە لەئێستادا ھاوڵاتیان لەڕەوشێکی ئابوری خراپدا دەژین کردنەوەی ئەم فیستیڤاڵانە لەسودی ھاوڵاتیاندا دەبێت لەکاتی ھەرزانکردنی نرخدا.