خاوەن کارگەکانی غاز لە سلێمانی: پشکی غاز زیاد نەکرێت قەیرانێکی قوڵ سەرهەڵدەدات

خاوەن کارگەکانی غاز لە پارێزگای سلێمانی هۆشداری لە دروستبونی قەیرانی غاز دەدەن و دەڵێن هەرچەندە ژمارە دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی لە دانیشتوانی هەولێر زیاترە، بەڵام ئەو بڕە غازەی بۆ سلێمانی دابیندەکرێت زۆر کەمترە بە بەراورد بەو بڕەی کە بۆ پارێزگای هەولێر دابیندەکرێت، بۆیە ئەگەر بەم شێوەیە بروات ئەوا لە وەرزی سەرمادا قەیرانێکی قوڵی غاز سەرهەڵدەدات.

ئاوێنه‌: خاوەن کارگەکانی غاز لە سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسیان لەوەشکرد، بەهۆی بونی خواستێکی زۆر بۆ غاز و کەمی ڕێژەی بەرهەمهێنان قەیرانێکی گەورەی کەمی غاز لە سلێمانی بەڕێوەیە، چونکە ئەو بڕە غازەی کە بەرهەمی دەهێنن بەشی داواکارییەکانی هاوڵاتیان ناکات کە لە ئێستادا پارێزگای سلێمانی  هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان پێویستی بە 300 تەن غاز هەیە، بەڵام ئێستا 204 تەن غاز بۆ کارگەکانی پارێزگای سلێمانی دابین دەکرێت.

ئاماژە بەوەش دەکەن، “پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشە غازی پارێزگای سلێمانی زیاد بکەن لیژنەکانی قائیمقامیەت، بەڕێوبەرایەتی سامانە سروشتییەکانی سلێمانی و نوێنەری کارگەکان سەرپەرشتی دابەشکردنی ئەو بڕەی غازە بکەن کە بۆ کارگەکان دابیندەکرێت، چونکە ئەو میکانیزمەی ئێستا پەیڕەو دەکرێت هیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە و جیاوازی لە نێوان کارگەکان و بەنزینخانەکاندا دەکرێت”.

خاوەن کارگەکانی غاز دەڵێن، “لە ئێستادا کە بەرەو وەرزی سەرما دەڕۆین و بەپێی ئەو ئەزمونەی لە ساڵانی ڕابردودا وەرمانگرتوە ئەگەر ئەو بڕە غازەی بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخانکراوە زیاد نەکرێت ئەوا وەک ساڵانی ڕابردو قەیرانێکی زۆر قورس ڕو لە پارێزگاکە دەکات، ئەگەر کارگەیەک لە هاویندا شەش تەنکەر غازی بۆ دابین بکرێت لە زستاندا پێویست بە زیاتر لە 10 تەنکەر دەبێت”.

پەیوەست دابینکردنی غازیش لەلایەن بەنزینخانەکانەوە، خاوەن کارگەکان باسیان لەوەکرد، پێویستە دابەشکردنی غاز بە تەنها لە لایەن بریکارەکانی دابەشکردنی غازەوە بێت، بەڵام ئێستا لە لایەن بەنزینخانەکانەوە بە نرخێکی زۆر زیاتر بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت، “لە بەنزینخانەکان 17 لیتر غاز بە 13 هەزار دەفرۆشرێت، بەڵام بتڵێکی غاز کە لەلایەن کارگەکانەوە دەفرۆشرێت 22 لیتر و نیو غازی تێدایە و تەنها بە 8 هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت بە هاوڵاتیان”، بۆیە داوایانکرد ئەو غازەی کە دەدرێت بە بەنزینخانەکان بە نرخێکی پاڵپشتیکراو بدرێت بە کارگەکانی بەرهەمهێنانی غاز بۆ ئەوەی بەنرخێکی هەرزانتر لەوەی کە لە بەنزینخانەکان دەفرۆشرێت، بۆ هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی دابین بکەن.

باسیان لەوەشکرد، “هۆکارێکی دیکەی دروست بونی قەیرانی کەمی و گرانی غاز ئەوەیە کە بڕێکی غازی بەرهەمهاتو لەلایەن کۆمپانیاکانەوە هەناردەی وڵاتانی دەوروبەر دەکرێت، چەنینجاریش لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و قائیمقامیەتەوە فشارمانکردوە کە هەناردەکردنی غاز لە لایەن ئەو کۆمپانیایانەوە ڕابگیرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەسانی دەسەڵاتدار لەپشت ئەو کۆمپانیایانەوەن حساب بۆ قسەی بەڕێوبەرایەتی سامانە سروشتییەکان و قائیمقامیەت ناکەن”.