هۆكاره‌كانى پشته‌وه‌ى گرانبونى نرخى دۆلار ئاشكرا ده‌كرێن

شارەزایەکی بواری بانکیی لەعێراق جەختی کردۆتەوە کە بانکەکانی سەر بە لایەنە سیاسییەکان هۆکاری بەردەوامیی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارن لە عێراقدا.

ناسر کەنعانی شارەزای بواری بانکیی لەلێدوانێکدا بەپێگەی “بەغداد ئەلیەوم”ی راگەیاندووە:بۆ هیچ کەس شاراوە نییە کە لە عێراقدا چەندین بانک هەن سەر بە حزب و کەسایەتییە سیاسییە کاریگەرەکانن و ئەو بانکانەش ئەوانەن کە دەبنە هۆی دروستبوونی قەیرانی دۆلار لە عێراقدا، بەو پێیەی کار لەسەر حەواڵەی ڕەش و هەندێک جوڵەی نایاسایی بانکی دەکەن.

وە ئاماژەی بەوەشکردووە، پارێزگاری سیاسیی بەشێک لەو بانکانە هۆکارێکە بۆ لێنەپرسینەوەیان لەلایەن دەسەڵاتە تایبەتمەندەکانی عێراقەوە، هەروەک وتویەتی” ئەو سزایانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەسەریاندا دەسەپێندرێت، بۆڕێگریکردنە لە خراپ بەکارهێنانی دراوی دۆلار.

مەزەندەشی کردووە لەحاڵەتی بەردەوامی کارکردنی ئەم بانکانە لە دەرەوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، لەقۆناغی داهاتوودا سزای نوێی ئەمریکایان بەدوادابێت، ئەوەش لەکاتێکدا لە مانگی تەمموزی رابردوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەچوارچێوەی هەڵمەتی ڕێگرییکردن لە حەواڵەکردنی دۆلار بۆ ئێران، سزای بەسەر 14 بانکی عێراقییدا سەپاند.

پێشتریش، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ڕایگەیاندبوو، ئەو هەنگاوە دوای ئاشکراکردنی ئەو زانیارییانە هاتووە ئاماژەیان بەوەکردووە کە بانکە بەئامانجگیراوەکان دەستیان لە سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەی ساختەدا هەبووە.