بەهای لیرەى تورکى بەرامبەر دۆلار هەرەسهێنانێکی دیکەى تۆمار کرد

دابەزینى بەهاى لیرەى تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەردەوامە و ئەمڕۆش لە بازاڕەکانی جیهاندا ١٠٠ دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر دوو هەزار و ٧٠٣ لیرە مامەڵەی پێوەکرا.

ئەمڕۆ دابەزینى بەهاى لیرەى تورکى لە بازاڕەکانى جیهاندا لە بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى ئاستێکى پێوانەیی تۆمارکرد، بە جۆرێک لە ئێستادا هەر ١٠٠ دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر بە دوو هەزار و ٧٠٣ لیرەى تورکییە.

لە مێژووی دراوی تورکییدا، ئەمە جاری یەکەمە دابەزینی بەم شێوەیە بەخۆیەوە دەبینێت، لە ماوەکانى ڕابردووشدا بانكی ناوەندی توركیا چەندین ڕێكارییان بە مەبەستى ڕێگەگرتن لە دابەزینی زیاتری بەهای لیرە گرتەبەر، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لیرە زیاتر بەهاكەی خۆی لەدەستدەدات.

ئەم دابەزینە لەدوای ئەوە دێت، کە ڕۆژى ٢٨ى مانگى ئایارى ئەمساڵ ئەردۆغان بۆ جارێکى دیکە بە سەرۆکى تورکیا هەڵبژێردرایەوە، وەک شارەزایانى بواری ئابوریش پێشبینیان کردبوو، نرخى لیرەى تورکى بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزىنی بەخۆیەوە بینی.