نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی هەفتەیەکدا بەرزبوەوە

نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی هەفتەیەکدا بەرزبوەوە، ئەوەش بە پاڵپشتی دابەزینی کەمی نرخی دۆلار، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران لێکۆڵینەوە لەو تێبینییە تا ڕادەیەک هاوسەنگانە دەکەن کە لەلایەن جیرۆم پاول، سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی (بانکی ناوەندی ئەمریکا) دەرچوە دوای بەرزکردنەوەی ڕێژەی سود، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان چاوەڕوان دەکرا.

زێڕ ئەمڕۆ بەڕێژەی 0.3% بەرزبوەتەوە و گەیشتوەتە 1975 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، دوای ئەوەی پێشتر بەرزترین ئاستی خۆی لە 20ی تەمموزەوە تۆمارکربدو.

محه‌مه‌د حسێن، له‌ زه‌ڕه‌نگه‌ری‌ نیاز له‌ سلێمانی‌ راگه‌یاند، نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 18 بە 366 هەزار دینارە، کە بەشێکی هۆکارەکەشی بۆ بەرزی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار دەگەڕێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 427 هەزار دینارە و یەک لیرەش بە 430 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

برایان لان لە کۆمپانیای “گۆڵد سیلڤەر سێنتڕاڵ” لە سەنگافورە ڕایگەیاند، ڕەنگە نرخی زێڕ بگۆڕێت بەهۆی ئاماژەی نوێ بۆ بەرزبونەوەی دیکەی ڕێژەی سود لەمساڵدا.

جیرۆم پاول، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا دوێنێ چوارشەممە ڕێژەی سودی بەرزکردەوە و ئاماژەی بە بەرزبونەوەی 25 خاڵی بنەڕەتی دیکە ، کە ئەگەری هەیە لە مانگی ئەیلولدا بە پشتبەستن بە داتای پێشوەختە، ئاماژەی بەوەدا کە چیتر چاوەڕوانی پاشەکشە لە ئەمریکا ناکەن.

وەبەرهێنەران چاوەڕوانی بڕیاری سیاسەتی دراوی بانکی ناوەندی ئەوروپا دەکەن، کە تیایدا پێشبینی دەکرێت بانکی ناوبراو بۆ جاری نۆیەم ڕێژەی سود بەرزبکاتەوە.