بانکی ناوەندی لەبارەی دەستکاریکردنی سەرمایەی بانکە تایبەتەکان رونکردنەوە دەدات

بانکی ناوەندی عێراق لەبارەی دەستکاریکردنی سەرمایەی بانکە تایبەتیەکان رونکردنەوە دەدات و ڕەتیدەکاتەوە کە سەرمایەی بانکە ئەهلییەکان کشێنرابێتەوە.

بانکی ناوەندی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە، “ئەو هەواڵانەی لەلایەن هەندێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باسیان لە بونی بڕیاری کشاندنەوەی سەرمایەی بانکە ئەهلییەکان و دانانی لە هەژمارەکانیدا کردوە، نادروستە”.

بانکی ناوەندی بانگەوازی خۆی بۆ میدیاکان نوێکردەوە بۆ ئەوەی “وریا بن و پەیوەندی لەگەڵ بانکی ناوەندی بکەن بۆ بەدەستهێنانی زانیاری دروست، لەبری ئەوەی پشت بە سەرچاوە نافەرمیەکان ببەستن بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و کاریگەری لەسەر کاری سیاسەتی دراو و کەرتی بانکی”.

بانکی ناوەندی دوپاتیکردەوە، کە زۆر کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی متمانە بە کەرتی بانکی لەڕێگەی پشتگیریکردنی بۆی و پێشخستنی گەشەپێدانی ئابوری.