10 بڕیار لە وەزیری دارایی هەرێمەوە “بە ئامانجی بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و زیادكردنی داهات”

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆبونەوەیەكی بەرفراواندا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی گەرمیان، 10 بڕیاری “بە ئامانجی بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و زیادكردنی داهات” دەركرد.  

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، بەئامانجی بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی لە رێگەی دەروازەكان و زیادکردنی داھات و کەمکردنەوەی بارگرانی و ئاسانکاری لەسەر ھاوڵاتیان و بازرگانان، 10 بڕیاری دەركردون.

بڕیارەكانی وەزیری دارایی، لە كۆبونەوەیەكی بەرفراواندا هاتون، بە ئامادەبونی ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێم و سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و نوێنەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری سەرجەم بنکە جیاوازەکانی ناو دەروازەکە و نوێنەری بازرگانانی سنوری ئیدارەکە.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، وەزیری دارایی و ئابوری ڕایگەیاندوە: لەژێر ڕۆشنایی بەدواداچون و ئامارەکانی بەردەست جوڵە بازرگانی و گەشتیارییەکان لە ڕێگەی دەروازەکەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردوەو ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هه‌بوه‌ لە کۆکردنەوەی داھات و موچەی موچەخۆران و بودجەی پرۆژەکان.

وەزیری دارایی داواشیکردوە کە ھەمو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگ و ھاوکاربن لە بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و کارئاسانی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی بەپێی ڕێنمایی و ڕێکارە ئیداری و یاساییەکانی وەزارەتی دارایی و ھەمو جۆرە قۆرخکارییەک کۆتایی پێبھێندرێت ئەوەش لەپێناو ڕەخساندنی ھەلی بازرگانی و ھاوردەکردن و ھەناردەکردن بۆ سەرجەم بازرگانان بەبێ جیاوازی.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا، وەزیری دارایی ئەم بڕیارانەی داون:

١- لەمەودوا بارەکانی ترانزێت کڵۆم دەکرێت و بەبێ مەئمور بەڕێدەکرێت.

٢- بازرگانان ئازادن لە بازرگانی کردن و حساباتی ڕەسیدیان لەگەڵ ناکرێت.

٣- لابردنی ڕەسید بۆ ھەمو ئەو بارانە كە لە دەروازەكان هاوردە دەكرێت.

٤-پیاداچونەوە  دەكرێت بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرک.

٥- پێداچونەوە بە لێخۆشبونی (٢٠٢) ماددە کە حکومەتی عێراق لێخۆشبونی بۆ کردوە.

٦- تەسریحەی گومرکی تەنھا یەک جار پارە وەردەگیرێت واتا لە دو بارە بونەوە هیچ بڕه‌ پارەیه‌ك وەرناگیرێت.

٧- کرێی بارھەڵگرەکان مەرزی پەرویزخان ڕێکدەخرێتەوە.

٨- پێداچونەوە بەکرێی پشكنینی كومپانیاكانی کوالیتی کۆنترۆڵی دەروازەكان دەکرێت.

٩- پێداچونەوە بە پاراستنی بەروبومی ناوخۆیی دەکرێت لەگەل وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.

١٠- لە سەر راسپاردەی بەرێز وەزیری دارایی و ئابوری دابینکردنی ٢٠٠ دۆنم زەوی بۆ کۆگاکانی بازرگانان كە ئەمیش دەبێتە هۆی رەخساندن ٢٠٠٠ هەلی كار بو ناوچەی گەرمیان.