وەزارەتی کارەبای عێراق دەستکردن بە دانانی وێستگەی وزەی خۆر رادەگەیەنێت

وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیەنێت دەستیانکردوە بە قۆناغە سەرەتاییەکانی دانانی وێستگەی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، جەختیشدەکاتەوە بانکی ناوەندی قەرز دەداتە ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت ئامێری وەرگرتنی وزەی خۆر بکڕن.

ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاندوە،” وەزارەتی کارەبا بەگوێرەی یاسای وەبەرهێنان ژمارەیەک گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئامێری وەرگرتنی وزەی خۆر و یەکەی وزەی خۆر کردوە و بەسەر کۆی پارێزگاکانی عێراقدا دابەشیان دەکات”.

رونیشیکردوەتەوە،” لەئێستادا بەشێوەیەکی کردارەکی کارکردن لەوێستگەکانی بەرهەمهێنان دەستیپێکردوە، وەک دابینکردنی زەوی و گرێبەستی کارپێکردن و گرێبەستی کڕین و گرێبەستی بەرهەمهێنان و بەستن و جێبەجێکردن، ئەم رێوشوێنانەش پەیوەندیان بەو کۆمپانیایانەوە هەیە کە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتمان کردوە”.

هاوکات سەبارەت بە هەماهەنگیان لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی رایگەیاند،”هیچ هەماهەنگییەکمان لەم مەسەلەیەدا لەگەڵ پیشەسازی نییە، بەڵام چەند دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ ئەوەی بانکی مەرکەزی بەشێوەی قەرز پارە بداتە هاوڵاتیان بۆ کڕینی ئامێرەکانی وەرگرتنی وزەی خۆر لەماڵەکانی خۆیاندا، جگە لەوەی بانگەوازمان بۆ سەرجەم فەرمانگە حکومیەکان کردوە، کە ئەو ئامێرە لەسەربانی بیناکانیان دابنێن.

جەختیلەوەشکردەوە،”بەگوێرەی پلانی وەزارەت لەماوەی دو ساڵ بۆ سێ ساڵدا، سەرکەوتو دەبین لە جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە و کارەبا و کە بەشێکی لەرێگەی دانانی ئەو وێستگەی وزەی خۆرانەوە دەبێت”.