دارایی عێراق هەڵسەنگاندن بۆ نرخى دینار و دۆلار دەکات

وەزارەتى دارایی عێراق رایگەیاند، خواست لەسەر دۆلار کەمبووەتەوە دواى ئەوەى نرخەکەى بەرانبەر دینار بەرزکرایەوە، بەوەش یەدەگى دراوى بیانى بەرزبووەتەوە و بەرەو ئاستێکى پێوانەیی هەنگاو دەنێت.

بەپێی راپۆرتێکى وەزارەتەکە، دابەزاندنى نرخى دینارى عێراقى بەرانبەر دۆلار بووەتە هۆى کەمبوونەوەى خواست لەسەر دۆلار.

هەروەها فرۆشى نەوت بە دۆلار بووەتە هۆى زیادبوونى داهات، بەوەش حکومەت خزمەتگوزاریی زیاترى بۆ هاوڵاتییان دابینکردووە.

بەپێی راپۆرتەکە، فرۆشى دۆلار لەلایەن وەزارەتى دارایی و کەمى خواست لەسەرى، بووەتە هۆى بەرزبوونەوەى یەدەگى دراوى بیانى لە بانکى ناوەندى و لە نیساندا گەیشتووەتە 70 ملیار دۆلار، چاوەڕوانیشدەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بگاتە 90 ملیار دۆلار کە ئاستێکى مێژووییە.

دابەزاندنى نرخى دینار بەرانبەر دۆلار بووەتە هۆى کەمکردنەوەى جیاوازى نرخى دراو لەنێوان نرخى فەرمى و نرخى بازاڕ، بەوەش قازانجى ئەوانە کەمبووەتەوە کە پێشتر دۆخەکەیان دەقۆستەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتەکە.