گفتوگۆکانی ڤییەننا تمەنی ئێرانی دەبوژێنێتەوە

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ڤییەننا بەمەبەستی کاراکردنەوەی رێککەوتنامەی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1، بەهای دراوی ئێرانی بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە و لەئێستادا یەك دۆلاری ئەمریكی بەرامبەرە بە 291.7 هەزار ریاڵی ئێرانی.

بەگوێرەی نرخەکانی بازاری دراوی ئێران لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ڤییەننا بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی کە ئێران و ئەمریکا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنێکی نوێ دەکەن، دوێنێ بەهای یەك دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە 291.7 هەزار ریاڵی ئێرانی مامەڵەی پێوەکرا لەکاتێکدا رۆژی دوشەممە دۆلارێکی ئەمریكی بە 295 هەزار ریال بوە، ئەوەش بەرزترین رێژەی دراوەی ئێرانییە لە ماوەی مانگی رابردودا.

حەمید رەزا، شرۆڤەکاری بازاری دراو لە تاران بە ماڵپەڕی “العربي الجديد”ـی راگەیاندوە، دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ڤییەننا ناجێگیرییەکی بەرچاوی بەبازارەکانی دراو بەخشیوە، لە خاڵە ئەرێنییەکانی گفتوگۆکانیش ئەوەیە دراوی نیشتیمانی ئێران بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

رۆژی دوشەممە، دوای پێنج مانگ لە چەقبەستن، گەڕی حەوتەمی گفتوگۆکانی ڤیەننا لەنێوان ئێران، روسیا، چین، بریتانیا، فرەنسا و ئەڵمانیا، بە بەشداری ناڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 دەستیان پێکردەوە.

ئێستا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو ئەو رێكکەوتنە ئەتۆمییەی ساڵی 2015 لە سەردەمی باراک ئۆبامادا واژۆکرا، کە ئەوکات جۆ بایدن، جێگری سەرۆک بو، بەڵام بەو مەرجەی ئێران پابەندبێت بە رێککەوتنەکەوە و پرۆگرامی ئەتۆمیی بۆ ئاستی ساڵی 2015 سنورداربکاتەوە.