داهاتی مانگی ڕابردووی نەوتی عێراق زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە

وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ڕابردووی ئاشكراكرد و دەڵێت، زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ڕابردووی فرۆشتنی نەوتی ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، ئەو نەوتەی مانگی ڕابردوو لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشراوە، 98 ملیۆن و 192 هەزار و 317 بەرمیل بووە، داهاتەكەی حەوت ملیار و 590 ملیۆن دۆلار بووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو 95 ملیۆن و 860 هەزار و 149 بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشوورەوە فرۆشراوە.

سەبارەت بە نەوتی هەناردەكراوی كەركوك دەڵێت، “لە مانگی ڕابردوودا دوو ملیۆن و 32 هەزار و 685 بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی كەركوك لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەكراوە و تێكڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق سێ ملیۆن و 273 هەزار بەرمیل بووە، هەر بەرمیلێك نەوت بە 77.33 دۆلار فرۆشراوە.