کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوایه‌ک ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکات

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان داوایەک ئاراستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات و داوا دەکات چیتر کەرتی پەلەوەر پشتگوێ نەخەن تا بەرەو داروخان نه‌وڕوات.

نازم عەبدووڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند” هەتا ئێستا کێڵگە پەلەوەریەکان کەسەر پێی خۆیان ڕاوەستاون گەر بەم شێوەیە حکومەت پشتگوێنان بخات و بەدەنگیانەوە نەیەت بەتەواوی توشی داروخان دەبن و دەبێتە هۆی مایەپوچبونی خاوەن کێڵگەکان و بەهۆیەوە بە هەزارن خێزان بێکار دەبن”.

راشیگەیاند” لەئێستادا هەموو بەرهەمێکی کێڵگە پەلەوەریەکان گرانبووە هەر لە جوچک و عەلەف و گاز و دەستی کار و سوتەمەنی و کرێی گواستنەوە بەڵام بەرهەم هێنان ڕانەوەستاوە کە هەمو خاوەن کێڵگەکان لەزیاندان و نرخی هەر کیلۆیەک مریشک لە ئێستادا ٦٠٠ دینار زەرەرە حکومەتیش بێ خەمانە تەماشادەکات و هاوکاری ئەم کەرتە ناکات کاتێکیش نرخی مریشک چەند دینارێک زیاد دەبێت حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕودەکەنە ئێمەو گلەیمان لێدەکان”

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان ئاماژە بەوەش دەکات مریشک تاکە کاڵایە که‌ تائێستا نرخی لەچاو کاڵاکانی تردا گران نەبووە وە بەرهەم هێنانی مریشك گەر ڕابوەستێت ئەوە نرخی مریشک بەجۆرێک گران دەبێت کە هاوڵاتیان توانای کڕینیان نەبێت بۆیە پێویستە حکومەت ئەم کەرتە چیتر پشتگوێ نەخات و بەجدی بێتە سەرخەت و وەک کەرتێکی پڕ داهات تەماشای بکات و پشتیوانی لێبکات.