بانکێکی ئەوروپی پێشبینی هەرەسهێنانی لیرەی تورکی دەکات

بەپێی پێشبینییەکانی بانکی “سوستییە جەنەراڵ”ی فەڕەنسیی، بەهای لیرەی تورکیی زیاتر دادەبەزێت‌و لەکۆتایی ئەمساڵدا نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی بۆ22 لیرەی تورکی بەرزدەبێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە تا ڕۆژی سێشەممە بەهای هەر دۆلارێک بەرامبەر بە 17.57 لیرەی تورکی بووە.

ئاژانسی بلومبێرگ لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بانکی “سوستییە جەنەراڵ”ی فەڕەنسیی پێشبینیكردووه‌، له‌ئەگەری پاشەکشەی ئابووریی لەئەمریکا بۆ چەند مانگی داهاتوو کاریگەرییەکانی بەسەر بازاڕەکانی جیهاندا زاڵبکات، هاوکات پێشبینییەکانیشی لەبارەی دراوی چەند وڵاتێکی تازەپێگەیشتووی جیهان، لەنێویاندا لیرەی تورکی خستۆتەڕوو.

هاوکات لەگەڵ پێشبینیی بانکە فەڕەنسییەکە بەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بۆ 22 لیرە بەرزدەبێتەوە، لەهەمانکاتیشدا شارەزا ستراتیژییەکانی بانکەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، لەسەر ئاستی کورتمەودا دراوی نیشتیمانیی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان زیاتر تووشی گرفت دەبێتەوە.

مانگی ڕابردوو، بانکی سوستییە جەنەراڵ پێشبینییکردبوو کە لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا ڕێژەی هەڵاوسان لەتورکیا بگاتە لەسەدا 80و ڕێژەی سووی بانکییش تاوەکو چارەگی یەکەمی ساڵی داهاتوو لەدەوروبەری لەسەدا 14 بمێنێتەوە.

لەتێبینییەکانی پێشووتری بانکەکەدا باس لەوەکرابوو، دراوی تورکی بەردەوامدەبێت لەدابەزینی بەهاکەیی‌و پێشبینیشیکردبوو، بەهۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان‌و زیادبوونی نرخی سووتەمەنیی لەبازاڕەکانی جیهاندا، گوشاری زیاتر بکەوێتە سەر فرۆشتنی لیرەی تورکی.