زانکۆی ئەمریکی خەڵاتی نوێگەری ڕاگەیاند

سەنتەری کارسازی زانکۆی ئەمریکی خەڵاتی نوێگەری ڕاگەیاند کەلەڕێگەی پێشبڕکێوە ئەنجام دەدرێت و تەواوی کۆمپانیاکان و خاوەن پرۆژەکان تیایدا بەشداریبکەن.

بەئامادەبونی هەڤاڵ ئەبوبکر،پارێزگاری سلێمانی و سیروان محەمەد،سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی بەشداریانکرد لە ڕاگەیاندنی پرۆژەی خەڵاتی نوێگەری.

هێمن لەتیف، خاوەنی بیرۆکەی خەڵاتی نوێگەری لەزانکۆی ئەمریکی سلێمانی ڕایگەیاند” خەڵاتی نوێگەری ساڵانە تایبەتە بەزانکۆی ئەمریکی بۆ هەمو ساڵێک ئەنجام دەدرێت ئەم خەڵاتە جیاوازە لە داهێنان نوێگەری مەبەستمان ئەوەیە داهێنان لەبیرۆکەوە ئەبێت بە خزمەتگوزاری کەئەمەش لەتاکەکەسیەوە دەیکەین بە دەزگایەک یان کۆمپانیایەک یان فەرمانگەیەکی حکومی چ نوێگەریەکیان کردووە لەوساڵەدا هەلی کاریان چەند رەخساندوە بەشداری دەکەن لە پێشبڕکێک خەڵاتی نوێگەری لەڕێگەی ئۆنلاینەوە زانیاریەکان پڕدەکەنەوە”.

راشیگەیاند” ئامانج لەم خەڵاتە هاندانی کۆمپانیا و کەرتی تایبەت و بازرگانانە بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار و هەرزانکردنی کاڵاکان ئەم خەڵاتە وادەکات هەمولایەک هانبدان بۆئرنجامدانی کاری زیاتر و بیرۆکەی کاری باشتر و خستنە سەرکاری زۆرترین کەس”.

ئەم خەڵاتە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کاردەکەن لەبوارە جیاوازەکاندا کە نوێگەریان کردووە کە چەند کەس سودی لێ بینیوە و چەند کەسی خستۆتە سەرکار خەڵاتی پلەیەک و دوو سێ دەدرێت بەو کەسانەی کە بەشداری دەکەن.

هەڤاڵ ئەبوبکر پارێزگاری سلێمانی لەکاتی ڕاگەیاندنی بیرۆکەکەدا ڕایگەیان ” پیرۆزبای و پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم پرۆژەیە دەر دەبڕین، گرنگە هەموو زانکۆکان گرنگی بدەن بە دۆزینەوەی دەرفەتی کار و پشتیوانی کارکردن وە زۆرگرنگە سود لەو زانستانە وەرگرین کە مرۆڤایەتی پێی گەشتووە”.

راشیگەیاند” تیرۆر و پیسکردنی ژینگە و گەندەڵی و ماددەی هۆشبەر هەڕەشەن بۆسەر مرۆڤایەتی پێمان دەڵێن هەموان پێکەوەبین گەر پێکەوە نەبین سەرکەوتو نابین، هەموئەمانە کاری نوێمان لێ دەخوازن زۆر گرنگە کەزانکۆی ئەمریکی بیری لەوە کردۆتەوە کار لەسەر گروپ و دەستە بکرێت بۆئەوەی بتواندرێت هەموان پێکەوە کارەکان بەرەو پێش بڕوات”.

ئاماژەی بەوەشدا” ئێمە کارمان لەسەر سەقامگیریکردووە گەر سەقامگیری نەبێت کارو پرۆژە نابێت، سلێمانی بەردەوام چاوی لە ئایندەیە ئێمە نەختینەمان ڕاگرت هەوڵێک هەبوو کە نەختینە لە سلێمانی کەمبکرێتەوە زۆرترین پارەی عێراق بەدەست هاوڵاتیانەوەیە نە لەبانکدایە نە لەکاردایە ئەم پارەیە بە دوو هۆکار دێتە دەرەوە بە سەقامگیری بە متمانەی بانکی لەسەر هەردوو هۆکارەکە کارمان کردووە لەگەڵ ووڵاتە گەورەکان بە گەرانەوەی متمانەی بانکی و بیمە کارمان لەسەر وەبەرهێنان کردووە لەئێستادا بەشێکی زۆری ووڵاتان وەبەرهێنانیان هەیە لەم شارەدا”.

جەختی لەوە کردەوە وەک شاری سلێمانی کار لەسەر وزە نوێکان کراوە شاری سلێمانی یەکەم شارە لە سەر ئاستی عێراق ماستەر پالانی هەیە لە وزە نوێکاندا لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە پشتیوانی دەکرێت و ساڵانە فەندی گەورە دەهێنین بۆ شاری سلێمانی.

سیروان محەمەد،سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” دەستخۆشی لە زانکۆی ئەمریکی لەشاری سلێمانی دەکین دیاریکردنی خەڵاتێکی لەم شێوەیە گرنگی زۆری دەبێت بۆ کەرتی تایبەت لەشاری سلێمانی چەندین کۆمپانیای گەورەمان هەیە کەساڵانە چەندین نوێگەری لەکارەکانیان و لەبەڕێوەبردندادەکەن و خەڵک دەخەنە سەر کار”.

راشیگەیاند” ئێمە تەوای خاوەن کاران و پیشەسازان ئاگادار دەکەینەوە ساڵانە بەپێی کارەکناین بەشداری بکەن لەو پێشبڕکێیە تابتواندرێت کار و پرۆژەکانیان و دەرفەتی کار و هەرزانکردن لە کاڵاکانیان بخەنەڕوو وەبتوانن ببنە براوەی ئەو جۆرە پێشبڕکێیە”.

زانکۆی ئەمریکی لەسلێمانی بڕیارە لەسەرەتای ساڵای داهاتو یەکەم خەڵاتی ساڵانەی خۆی پێشکەش بکات.