کۆمپانیاکانی ئەمەریکا چۆن دەتوانن وەبەرهێنان لەکشتوکاڵی کوردستاندا بکەن؟

ئا: بازرگانی‌و پیشەسازی

ئەمەریکییەکان لەمیانەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەکانی کوردستان لەماوەی رابردوودا ئاماژەیان بەوە کردووە کە خوازیارن كۆمپانیاكانیان لەبواری کشتوکاڵ‌و پیشەسازی خۆراكدا لەكێڵگەوە تا دەگات بەچەتاڵا هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی لەدابینكردنی پێداویستییەكانیدا پشت بەخۆی ببەستێت، شارەزایەكی بواری كشتوكاڵیش دەڵێت “خاک‌و کەشوھەوای کوردستان زۆر لەبارە بۆ کشتوکاڵ کردن‌و دروستکردنی پیشەسازی خۆراک‌و دەرفەتی ئەوەش لەبارە كۆمپانیا ئەمریكییەكان وەبەرهێنانی تیا بكەن”.

ماوەیەكە كاربەدەستانی ئەمریكی پەیوەندیادر بەلایەنی ئابوری، لەزۆربەی كۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەکانی کوردستان‌و خاوەنكارانی هەرێمدا، ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن كە هاوكارییەكی هەمە لایەنەن کوردستان بكەن بەمەبەستی بوژانەوەی كەرتی کشتوکاڵی‌و پیشەسازی خۆراک، بەتایبەتی لەو بوارە كشتوكاڵیانەی كە لەهەرێم لەبارە بۆ گەشە كردن‌و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی دانیشتوانن، بۆ ئەو مەبەستەش خوازیارن زانیاری تەواویان هەبێت دەربارەی داواكاریی ئەو كۆمپانیایانەی لەكەرتی كشتوكاڵ‌و پیشەسازی خۆراك لەهەرێمی كوردستاندا كار دەكەن.

لەمبارەوە شارەزایەكی بواری كشتوكاڵ جەغت لەوە دەكات كە خاک‌و کەشوھەوای کوردستان زۆر لەبارە بۆ کشتوکاڵ کردن‌و دروستکردنی پیشەسازی خۆراکی‌و ئەگەر بەپلان وەبەرهێنانی تیا بكرێت، کوردستان نەك هەر دەتوانێت بگاتە ئاستی خۆبژێوییی، بەڵكو دەتوانێت زۆر زیاتر لەپێویستییەكانی خۆی بەرهەم بهێنێت‌و هەناردەی دەرەوەشی بکات.

وەسفی خەلیل، راوێژكاری كشتوكاڵی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و شارەزا لەبواری كشتوكاڵ، بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند لەهەرێمی كوردستاندا هەموو كەرەستە پێویستەكانی بەردەستن بۆ گەشەی کەرتی کشتوکاڵی‌و پیشەسازی خۆراک، بەڵام بەو مەرجەی بەشێوەیەکی بەرنامەڕێژکراو بەڕێوەببرێت‌و تەکنیک‌و تەکنەلۆجیای نوێی بواری کشتوکاڵی بۆ دەستەبەر بکرێت، ئەو وتی “بۆ نمونە یەکێک لە بابەتە پێویست‌و گرنگەکانی ئێمە دابینکردنی ئالیکە بۆ کێڵگە پەلەوەریەکانهو ئاژەڵداری، ئەمەش پشت دەبەستێت بەگەنمەشامی بەپلەی یەکەم لەگەڵ کۆمەڵێک مادەی تر کە لەدەرەوە ھاوردە دەکرێت وەک سۆیا، ئێمە لەکوردستان مادە سەرەکیەکانی ئالیک لەدەرەوەی کوردستان ھاوردە دەکەین، بەڵام دەتوانین زۆرێک لەپێداویستیەکانن ئالیک لەناوخۆدا بەرھەم بھێنین جگە لەسۆیا”.
وتیشی “کاتی خۆی لەگوندەکانی کوردستان چەندین بەرھەمی کشتوکاڵی گرنگ ھەبوون وەک پەموو توتن‌و چەوەنەر، بەڵام لەئێستادا بەھۆی نەبوونی کارگەوە ئەم مادانە بەرھەم نایەن، پێشتر کارگەکانی رستن‌و چنین‌و جگەرەو شەکر هەبوون‌، هەر ئێستا کارگەی زەیتی گوڵەبەڕۆژە ھەیە، بەڵام گوڵەبەرۆژەی دەرەوە بەکاردەهێنن، ئەگەر لای خۆمان جوتیاران گوڵەبەڕۆژەو گەنمەشامی بچێنن‌و خاوەن کارگەکان ھاوکاری جوتیاران بکەن دەتوانین بگەینە ئاستی خۆبژێویی، ئێمە گرنگە کارگەمان لەبوارەکانی رستن‌و چنین‌و خۆشکردنی پێستەو کارگەی جگەرەو چەندین پیشەسازی خۆراکیمان ھەبێت، هەروەها لەئێستادا چەند کارگەیەکی زەیتی زەیتونمان ھەیە، بەڵام گرنگی زۆریان پێ نەدراوەو نەگیشتوینەتە ئاستی خۆبژێویی”.

راوێژكاری كشتوكاڵی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌ جەغت لەوە دەکات لەئێستادا لەشاری سلێمانی ڕۆژانە بەسەدان سەر ئاژەڵ سەردەبڕدرێت‌و پێستەکەی یان فڕێ دەدرێت یان بەنرخێکی زۆر کەم‌و هەرزان هەناردەی وڵاتانی دەرودراوسێ دەکرێت‌و ھیچ گرنگییەکی پێنەدراوە، ئەو وتی “گەورەترین کێشە ئەوەیە پارێزگاری لەبەرھەمی ناوخۆ ناکرێت لەھەرێمی کوردستان، بۆ نمونە زەیتی زەیتونمان لەئوستورالیاوە بۆ دێت، کە بەرھەمی ناوخۆی خۆمان زۆر باشترو کوالێتی بەرزترە، ئەگەر حکومەتی هەرێم بەرھەمی ناوخۆ نەپارێزێت ناتوانین وەبەرھێنان بکەین لەھیچ بوارێکدا، لەئێستادا چەندین ھەوڵ ھەیە بۆ وەبەرھێنان کردن لەپرۆژەی گاوداریدا بۆ گۆشت‌و شیرەمەنی کە کارگەی شیرەمەنی لەگەڵ دادەنرێت‌و چەند پرۆژەیەکیش لەم بوارەدا ئەنجامدراوەو کار دەکەن، کاتی خۆی چەند کارگەیەک ھەبوون بۆ بەرھەمھێنانی کونجی بۆ دروستکردنی زەیت‌و شیرینی، بەڵام لەئێستادا چونکە کارگە نییە جوتیاران ئەم بەرھەمانە ناچێنن، بەدڵنیایی ئەگەر کارگەو پیشەسازی خۆراکمان ھەبێ جوتیاران دەتوانن بەرھەمی ناوخۆ زیاد بکەن”.

وتیشی “گرفتێکی دیکەمان ئەوەیە لەوڵاتە دراوشێکانمان هێزی کارو گازو کارەبا زۆر ھەرزانەو حکومەتیش ئاسانکاریی بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ‌و پیشەسازی خۆراک دەکات‌و قەرزی درێژخایەن دەدات بەجوتیاران، بەڵام لەھەرێمی کوردستان ئەم ئاسانکارییانە بەردەست نین، ئەوەی لێرە وەبەرھێنان دەکات بەتەواوی پشت بەداھاتی خۆی دەبەستێت، کاتی خۆی قەرزی بچوک ھەبوو بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠١٤ەوە ڕاگیراوە، قەرزی پیشەسازی دەدرا ئەویش چەندین ساڵە نەماوە، ئەگەر ئەمانە ھەبێت ھاوڵاتیان دەتوان کاربکەن‌و بەرھەمی ناوخۆ زیاد بکەن، پێویستمان بەوەیە قەرز بدرێتە خاوەن پڕۆژەکان تا ئەو کاتەی کە دەگەنە قۆناغی بەرھەمھێنان‌و فرۆشتنی بەرھەم، دواتر قەرزەکەیان لێوەربگیرێتەوەو کە تەواو کەوتە سەرپێی خۆی ئینجا باجی لێوەردەگرێت، ئێمە بەھۆی پاڵشتی نەکردنی حکومەت لەبەرھەمی ناوخۆو نەبوونی یاسای پاراستنی بەرھەمی نیشتیمانی‌و گرنگینەدان بەکەرتی کشتوکاڵ نەمانتوانیوە سەرکەوتوو بین، ئێمە لەبواری پەلەوەردا دوو قاتی پێداویستی بازاڕەکان بەرھەمان ھەیە، بەڵام لە دەروازە سنورییەکانەوە بەلێشاو مریشکی بەستوو ھاوردە دەکرێت”.

راوێژكاری كشتوكاڵی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی جەغت لەوە دەکات کە کوردستان چەندین دەشتی بەۆیت‌و هەزاران دۆنم زەوی گونجاو بۆ کشتوکاڵ لەخۆدەگرێت کە پێویستیان بەوەبەرهێنانەو دەتوانن چەد هێندەی ژمارەی دانیشتوانەکەی خۆراک دابین بکەن، ئەو وتی “خاک‌و کەشوھەوای کوردستان زۆر لەبارە بۆ کشتوکاڵ کردن‌و دروستکردنی پیشەسازی خۆراکی لەبوارەکانی پەمو، توتن، پێستە، چەوەنەر، کونجی، زەیت، شیرمەنی، خوری، گۆشت، پەلەوەڕ، هەروەها توتنی کوردستان باشترین جۆر بووە لەکاتی خۆیدا، وەبەرھێنانی گەورەش کراوە لەم بوارەدا”.