کارگەکانی ئاسن لەشاری سلێمانی خواستی بازاڕ پڕدەکەنەوە

ئا: زریان محه‌مه‌د 

بەشێکی گرنگی بەرهەمهێنانی شیش‌و ئاسن لەسنوری پاریزگای سلێمانیە، کارگەکان توانیویانە پێداویستیەکانی ناوخۆی بازاڕ پربکەنەوەو بەشێکیشی هەناردە بکەن بۆ تەواوی شارەکانی خواروی عێراق، لەڕوی کوالێتییەوە توانیویانە کێبڕکێ بکەن لەگەڵ تەواوی بەرهەمی هاوردەکراو.

‎پێشەوا رەحیم، خاوەنی یەکێک لەکارگەکانی ئاسن لەشاری سلێمانی لەلێدوانیکدا دەربارەی بەرهەمهێنانی ئاسن لەناوخۆدا دەڵیت “بەرهەمهێنانی ئاسن لەئاستێکی باشدایە تواندراوە لەسەدا ٧٠ی عێراق پڕ بکەینەوە کە ساڵانە عێراق پێویستی بەسێ ملێۆن تۆن هەیە، کارگە ناوخۆیەکان توانیویانە ٢ ملێۆن تا دوو ملێۆن‌و ٢٠٠ هەزار تۆن دابین بکەن، ئەوەی ئەمێنێتەوە لەوڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەکرێت بەتایبەت وڵاتی ئێران”.

‎دەربارەی ئەوەی تواندراوە پێداویستی ناوخۆ پڕ بکرێتەوە، وتی “پێداویستی ناوخۆ لەئێستادا پڕ نەکراوەتەوە، ئێمە لە ٪٧٠ بازار پڕدەکەینەوەو خواستی عێراق زیاترە لەبەرئەوەی جەنگ لەناوچەکەدا هەبووە ئەوەش بۆتە هۆی ڕوخان‌و داڕمانی زۆری ناوچەکە لەئێستاشدا دەستکراوە بەنۆژەنکردنەوە، ئەمەش خواستی شیش زۆرتر بووە”.

‎لەبارەی ئەو جۆرە پێداویستیانەی ئاسن لەناوخۆ دروست دەکرێت خاوەنی کارگەکە ڕونی کردەوە “کارگەکان لەهەرێم‌و عێراق بەشێوەیەکی مۆدێرن‌و پێشکەوتو دروستکراون بەتەکنەلۆژیای نوێ کاردەکەن لەتوانایاندایە هەموو ئەو جۆرە ئاسنانەی لەجیهاندا دروست دەکرێت بەرهەمی بهێنن، بەڵام بەڕێژەیەکی کەمتر”.

‎دەربارەی کارگەکان تا چەند توانیویانە لەڕوی کوالێتیەوە کێبڕکێی بەرهەمی هاوردەکراو بکەن، وتی “ئەو جۆرە بەرهەمانەی لەکارگەکان بەرهەم دەهێندرێت لەعێراق‌و کوردستان کوالێتیان بەرزە زۆرزۆر باشترە لەهەندێک بەرهەمی ولاتانی دراوسێ کە هەندێک جۆریان لەپشکنینی تاقیگە دەرناچێت، بەڵام تەواوی بەرهەمە ناوخۆیەکان لەپشکنینی تاقیگەی تایبەت بەشیش دەردەچێت‌و کوالیتیان بەرزە و هیچ گرفتێکی نیە”.

‎سەبارەت بەوەی حکومەت تا چەند پشتیوانی لەکارگە ناوخۆییەکان دەکات، ئەو وتی “‎لەڕوی پشتیوانیکردنمانەوە حکومەت نەیتوانیوە پشتیوانی تەواومان بکات زۆرجار گرفت بۆ کارگەکان دروست دەکەن، چونکە هەندیک جار کارگەکان سکرابیان لەخواروی عێراقەوە بۆدێت، زۆرجار بازگە دادەندرێت‌و بەدڵی خۆیان پارە وەردەگرن سکرابەکە بەگران دەگات بەدەستمان، لەشوێنی خۆی کە دەیکڕین بە ١٠٠ هەزاردینارە، بەڵام کە دەگاتە دەستی ئێمە ٢٥٠ دۆلار دەکەوێت کە ئەمەش تێچوی زیاترە بۆ کارگەکەمان”.

‎ پێشەوا رەحیم، ئەوە روندەکاتەوە کە نرخی کارەبا گرفتی بۆ دروستکردون، ئەو وتی “‎لەڕوی کارەباوە گرفتێکی زۆرمان بۆ دروستبووە، نرخەکەی زۆر دەکەوێت لەسەرمان ئەوەش کولفەی تێچون زیاددەکات بەمەش نرخ زیاتر دەبێت لەسەر هاوڵاتیان‌و هەندێکجار کێبڕکێ ناتوانین بەزۆری بکەین لەبازاڕەکاندا، لەخواروی عێراق نرخی کارەبا ٤٠ دینارە لێرە بە ١٢٠ دینارە، لەئێستادا کۆمەڵێک کارگەی گەورە لەخواروی عێراق لە دروستکردندایە ئەو کارگانە تەواو ببێت کارگەکانی هەرێم مەترسی زۆریان بۆ دروست دەبێت لەڕوی کارکردنەوە، چونکە کارگەکانی هەرێم سکرابیان بەگرانتر بەدەست دەگات، شیشەکەش بچێتەوە بۆ خواروی عێراق تێچوی زیاتر دەبێت، کارەباش نرخەکەی بەوشێوەیە دوو بەرامبەر بێت ئەوا بەتەواوی کێشەی مونافەسەمان بۆ دروست دەبێت، چونکە هەر تۆنێک شیش ١٢٠ دۆلار هەقی کارەبا دەکەوێت لەسەرمان”.

‎لەشاری سلێمانی حەوت کارگەی ئاسن بەرهەمهمهێنانی شیش‌و بابەتەکانی ئاسن دروست دەکەن‌و دەیخەنە بازاڕەوەو بۆ شارەکانی خواروی عێراقی ڕەوانە دەکەن.

‎عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی بەڕۆژنامەی بازرگانی و پیشەسازی ڕاگەیاند “لەوەبەرهێنانی سلێمانی سێ کارگەی گەورە تۆمارە کە بەرهەمی شیش‌و پێداویستیەکانی ئاسن بەرهەم دەهێنن، توانای بەرهەمهێنانیان بەرزەو لەناوخۆو شارەکانی خواروی عێراق دەیفرۆشن”.

‎بەشێکی دیکەی کارگەکان کە بەرهەم هێنانیان کەمەو بەکارگەی مامناوەند دەناسرێن لەشاری سلێمانی ژمارەیان چوار کارگەیەو بەرهەم هێنانیان هەیە.

‎شێرزاد حسێن، لێپرسراوی هۆبەی هونەری لەبەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی سلێمانی بەڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند “لەبەڕیوەبەرایەتیەکەمان چوار کارگەی ئاسن تۆمارە، یەک دانەیان لەکەلارەو سی دانەیان لەناوچەی تانجەرۆی سلیمانی کار دەکەن‌و شیشی سەقف بەرهەم دەهێنن، توانیویانە بەرهەم هێنان بۆ ناوخۆ دابین بکەن‌و لەگەڵیشیدا هەناردەی بکەن بۆ شارەکانی دیکەی ناوەڕەست‌و خواروی عیراق”.