كاركردن لە ڕێگای كەلار-سلێمانی دەستیپێكردەوە

دوای زیاتر لە پێنج مانگ ڕاگرتنی، كاركردن لە ڕێگای كەلار-سلێمانی دەستیپێكردەوە و ئەندازیاری سەرپەرشتیار دەڵێت، بڕیارە هەفتانە 200 ملیۆن دیناریان پێبدرێت، لەكاتێكدا مانگانە پێویستیان بە سێ ملیار دینارە.

دوای ڕاگرتنی بۆ ماوەی زیاتر لە 150 ڕۆژ، ئەمڕۆ كاركردن لە دووسایدكردنی “ڕێگای مەرگ” كەلار-سلێمانی دەستیپێكردەوە.

بەڵام بە كەمترین ئامێر دەست بە كاركردن لە پڕۆژەكەدا كراوەتەوە، دوای ئەوەی لەلایەن لقی سلێمانی بانكی هەرێمەوە بەڵێندراوە هەفتانە بڕی 200 ملیۆن دینار بۆ بەڵێندەری جێبەجێكاری پڕۆژەكە تەرخانبكرێت، ئەگەرچی بە نوسراوی فەرمی بڕیاردراوە 65 ملیار دینار بۆ ڕێگاكە تەرخانبكرێت.

عەدنان خەلیل بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی گەرمیان ڕاگەیاند، خەرجكردنی ئەو 200 ملیۆن دینارە نابێتەهۆی ئەوەی بتوانن وەكو پێویست كار لە پڕۆژەكەدا بكەن.

وتیشی، “ئەوەی بۆ بەڵێندەر خەرجدەكرێت شایستە داراییەكانی ساڵی پێشووتریەتی، پێشینەی دیكەی هەیە كە تائێستا داوایكردووە و تەمویل نەكراوین”.

بەڕێوەبەری ڕێگاوبان داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد ئاوڕی جددی لە پڕۆژەكە بدەنەوە كە “پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژیی دەڤەرەكەیە، ڕێگاكە پێویستی بەوەیە بكرێت بە دووساید”.

دەربارەی دەستپێكردنەوەی كاریش لە ئێستادا ئەوەی ڕوونكردەوە، لە ڕابردوودا ڕۆژ هەبووە 300 ئامێر لە پڕۆژەكەدا كاریكردووە، بۆیە دەستبەكاربوونەوەكە وەك ئەوە نییە كە پلانیان بۆداناوە، بەڵێندەر ئاگاداریكردوونەتەوە ناتوانێت وەكو پێویست دەست بەكاربكاتەوە.

لە دەستكردن بە كاركردندا لەمڕۆ تەنها 9 ئامێر خراونەتە كار، وەك ئەوەی كەمال محەمەد ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە ئاماژەی پێدا.

ئەو بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، “درێژە بە كاركردن دەدەین ئەگەر بەپێی بەڵێنەكانی حكومەت پارەی نەختینەمان بۆ خەرجبكرێت، ئەگەریش بەڵێنەكان جێبەجێنەكرێن ناتوانرێت بەردەوام بن”.

ڕوونیشیكردەوە، ملیارێك و 350 ملیۆن دیناری پێشوویان لای حكومەت هەیە، جگە لە پێشینەی دیكە كە شایستەین و هێشتا پێشكەشیان نەكردووە.

ئەندازیاری سەرپەرشتیار دووپاتیشیكردەوە، “كەمترین بڕ مانگی سێ ملیار دینارمان دەوێت تا بتوانین بە ڕەوتێكی باش ئیشبكەین و بەڵێندەر زیان نەكات”.

پڕۆژەی دووسایدی (کەلار-سلێمانی) كە لە ڕۆژی 2017/12/19 لە سەردەمی کابینەی پێشووی حکومەت دەستکراوە بەکارکردن تیایدا، لەلایەن بەرێوبەرایەتیی ڕێگاوبانی گەرمیانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و لەلایەن کۆمپانیای بێشکانەوە جێبەجێدەکرێت.

پڕۆژەكە لە كابینەی پێشوودا بڕی تەنها شەش ملیار و 934 ملیۆن و 260 هەزار دیناری بۆ خەرجكراوە، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمدا هاتووە و دەڵێت، لە كابینەی نۆیەمدا بڕی 55 ملیار و 419 ملیۆن و 842 هەزار دینار بۆ بەڵێندەر خەرجکراوە و ڕێژەی ئەنجامدراویش گەیشتوەتە (53٪)، لەگەڵ ئەوەشدا بەھۆی خەرجنەکردنی پارەی تەرخانکراو و پێویست، کارکردن لە پرۆژەکەدا زۆر بەسستی بەڕێوەدەچێت.