ڕوسیا: غاز بە ڕۆبڵ دەفرۆشین بە ئەوروپا

ئەمڕۆ پێنجشەممە دیمیتری پیسكۆڤ وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتیی ڕوسیا (كریملین) ڕایگەیاند، وردەكاریی تەواویان لەبارەی وەرگرتنی ڕۆبڵ لەبەرامبەر نرخی غازی ڕوسیادا داوە بە ڤلادیمێر پوتین.

پیسكۆڤ جەختیكردەوە كە بەمنزیكانە ئەو پلانە جێبەجێدەكەن و وتی، “فرۆشتنی غاز بە ڕۆبڵ یەكێكە لە بژاردەكانمان بۆ هەموو وڵاتانی خۆرئاوا، نەك تەنها ئەڵمانیا”.

وتەبێژەكەی كریملین دووپاتیكردەوە كە سەرگەرمی تەواوكردنی ئامادەكارییەكانن بۆ وەرگرتنی ڕۆبڵ لەبەرامبەر غازدا و ڕایگەیاند، “بەدڵنیاییەوە ڕوسیا غاز بە خۆڕایی بە كەس نادات”.

دوای لەشكركێشییەكەی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا، وڵاتانی خۆرئاوا سزای ئابورییان بەسەر ڕوسیادا سەپاند و ئەوەش بەهای دراوی ئەو وڵاتەی نزمكردەوە.

لەبەرامبەر ئەو سزایانەی ئەوروپا و ئەمریكادا، ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا فەرمانی بە حكومەتی وڵاتەكەی كرد مامەڵەی فرۆشتنی غاز بە خۆرئاوا بكرێت بە ڕۆبڵ و تا كۆتایی ئەم مانگە كە ئەمڕۆیە، پلانەكە جێبەجێبكرێت.