له‌باره‌ى نرخ له‌مانگى ڕه‌مه‌زان قائیمقامیه‌تى سلێمانى ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات

قائیمقامیه‌تى سلێمانى ئاشكرایده‌كات، له‌سلێمانی‌و لەمانگی ڕەمەزاندا نرخەکان بەجێگری دەمێننەوەو ڕێگە بەگرانبوونى خۆراک نادرێت.

به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى قائیمقامیه‌تى سلێمانى، “سەرەڕای کاری لیژنە هاوبەشەکان‌و لیژنەکانی چاودێری بازرگانی‌و گەشتوگوزار، لیژنەیەکی تایبەت بۆ چۆنێتی پیرۆز ڕاگرتنی مانگی ڕەمەزان‌و جێبەجێکردنی تەواوی ڕێنماییەکانیش دروستدەکرێت”.

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌ ئه‌مڕۆ لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاندووه‌، هەرچی بکرێت بۆ بەرزراگرتنی ئەو مانگە دەیکەن‌و ڕێگەنادەن هیچ کەسولایەنێکیش بەهۆی زۆربوونی خواستەکانەوە نرخی خۆراک بەرزبکاتەوە.

لەبارەی ڕێکارەکانیشەوە بڕیاریدا چاودێری‌و بەدواداچونەکانی تەواوی لیژنەکان زیاتر بکرێن‌و لیژنەیەکی تایبەتیش بەمانگی ڕەمەزان بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان دروستبکرێت.

ئاشكراشیكردووه‌، “بڕیارە لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا دوو بەشەخۆراکی مانگانە بدرێت بەهاوڵاتیان کە بارگرانی سەرشانی هاوڵاتیان کەمدەکاتەوە”.

ئه‌وه‌شى وتووه‌، “بڕێکی زۆر خۆراک‌و پێداویستی لەبازاڕو کۆگاکاندا هەیەو لەگەڵ ئەوەشدا بەوردی چاودێری کوالێتی‌و نرخەکان دەکەین، دەستخۆشی لەو شوێنانە دەکەین کە لەلایەن خۆیانەوە بڕیاریانداوە نرخەکان دابەزێنن، ڕێکاری توندیش لەگەڵ ئەوکەسانە دەگرینەبەر کە نرخی خۆراک لەمانگی ڕەمەزاندا بەرزدەکەنەوە”.

ئه‌وه‌ش جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌، “هەر چێشتخانەیەک دەیەوێت کاربکات ڕێگەی پێدەدرێت بەمەرجێک ڕێز لەمانگی ڕەمەزان‌و ڕۆژووانان بگرێت‌و لەڕۆژانی جەژنیشدا چێشتخانەکە کراوەبێت، تەواوی شوێنەکانی مەیفرۆشتن دادەخرێن‌و ڕێگە بەکردنەوەیان نادرێت”.