ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی: چیتر ڕێگری لە بەرھەمی جوتیارانی کوردستان ناکرێت

وەسفی خەلیل، ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت “شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم، بەمەبەستی زیادکردنی وەرگرتنی لەگەنمی جوتیارانی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی ڕێگریکردن لە چوونی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێم بۆ ناوەڕەست و باشوری عێراق سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆبویەوە”.

ڕاشیگەیاند “شاندەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم ھەوڵی زۆردا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ڕێگریکردن لە چوونی بەرھەمی جوتیارانی کوردستان بۆ باشوری عێراق، خۆشبەختانە توانی بگاتە ئەو ئەنجامەی کە وەزارەتی کشتوکەڵی عێراق بە فەرمی بڕیاری دەکرد کە لە داھاتوودا بە ھیچ جۆرێک ڕێگری ناکرێت لە بەرھەمی جوتیارانی کوردستان کە بنرێت بۆ شارەکانی تری عێراق، ئەو بەرھەمەی کە کوردستان بەرھەم دێت، بەرھەمی ناوخۆی عێراقە و نابێت لە ناوخۆی وڵات ڕێگری لێ بکرێت”.

ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ژوور ڕایگەیاند “پێشتر حکومەتی عێراق بەشە گەنمی ھەرێمی کوردستانی بە ٣٧٥ ھەزار تۆن دیاری کرد بوو لەبەر ئەوەی بڕەکەی کەم بوو شاندی وەزارەتی کشتوکەڵی ھەرێم داوایان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کرد کە پشکەکە زیاد بکەن خۆشبەختانە لە ئێستادا زیادکراوە بۆ ٥٠٠ ھەزار تۆن بەڵام ئەم بڕە ھێشتا کەمە و بەرھەمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان ئەمساڵ لە ملیۆنێک تۆن زیاترە، پێوستە حکومەتی عێراق ھاوشێوەی باشوری وڵات ھەموو بەرھەمی جوتیاران وەربگرێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “ھەرێمی کوردستان خاوەنی کەشوھەوای لەبار و خاکی بە پیتی و جوتیاری شارەزا و بە ئەزمونە بۆیە بەرھەمە کشتوکاڵیەکان لە ھەرێمی کوردستان زیاترە و ساڵانێکە ھەرێمی کوردستان بۆتە سەبەتەی خۆراک.بۆ عێراق و داواکارین حکومەتی ناوەندی گرنگی بە بەرھەمی جوتیارانی کوردستان بدات لەبری ئەوەی بەرھەم لە دەرەوەی ھاوڕدە بکرێت”.