پێویستە پێداچوونەوەیەک لەوبارەیەوە بکرێت

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، ژمارەیەک بەش لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان چیتر لە بازاڕی کاردا شوێنێک ناگرن و پێویستە پێداچوونەوەیەک لە وەزارەتدا لەوبارەیەوە بکرێت.

د.ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەو بەشانەی زانکۆ و پەیمانگاکان کە لەلایەن خوێندکارانەوە خواستی لەسەر نەبووە ئاماژەی بەوەکرد:” ژمارەیەک بەش لە زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان چیتر لە بازاڕی کاردا شوێنێک ناگرن، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە لە وەزارەت پێداچوونەوەیەک سەبارەت بەو بابەتە بکەین، بە تایبەتی دوای ئەوەی، کە ئەمساڵ بۆمان دەرکەوتووە، ٢٢ هەزار کورسی لە بەشە جیاوازەکان بەتاڵە و هیچ خوێندکارێک داوای نەکردووە، وێڕای ئەوەش ١٦٥ بەش کەمتر لە ستانداری کردنەوەی بەشەکە خوێندکاری وەرگرتووە، بەشێوەیەک کە هەندێک بەش هەیە سێ بۆ چوار خوێندکاری هەیە”.

لە درێژەی لیدوانەکەیدا، د.ئارام محەممەد سەبارەت بە دەرماڵەی خوێندکاران راشیگەیاند:” وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەو ئەرکەی لە ئەستۆمانە لەبارەی دەرماڵەی خوێندکارانەوە رامانپەڕاندووە و دۆسیەکەمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کردووە”.

وەزیری خوێندی باڵا گەشبینیشە بەوەی دەرماڵەی خوێندکاران دابەشبکرێت و دەڵێت:” ئەمساڵ پرسی دەرماڵەی خوێندکاران چارەسەردەکرێت و دابەشدەکرێت”.