راوێژکاری ئابوری سەرۆکوەزیرانی عێراق: دۆلار لە ١٤٦ هەزار جێگیردەکەین

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێرق لە لیستی وڵاتە یەکەمەکانی ناوچەکەدایە بۆ یەدەگی دراوی بیانی و دەشڵیت، “پلاتفۆڕمی ئاڵوگۆڕی دراو ٩٠٪ـی پێویستی دراوی بیانی لە عێراق پڕدەکاتەوە و لە رێگەیەوە دەمانەوێت نرخی ١٠٠ دۆلار لە ١٤٦ هەزاردا جێگیر بکەین.”

 محەمەد ساڵح راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی وڵاتەکەی رایگەیاند، لە سەر ئاستی ناوچەکە عێراق یەکێک لەو وڵاتانەی زۆرترین یەدەگی دراوی بیانی هەیە و پلاتفۆڕمی ئاڵوگۆڕی دراو دەتوانێت ٩٠٪ـی ویستی وڵات بۆ دراوی بیانی پڕبکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ زیادبوونی شەفافیەتی ئەو زانیاریانەی کە کۆمەڵگەی بازرگانییەوە لەبارەی هاوردەکردنی دراوی بیانی لەرێگەی پلاتفۆڕمەکەوە پێشکەش دەکرێت هاوردەکردنی دراوەبینییەکان بۆ پڕکردنەوەی ویستی ناوخۆ زیاتر دەبێت و نرخی هەر دۆلارێت بە هەزار و ٤٦٠ دینار جێگیر دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، “لە ئێستادا بازاڕی دارایی عێراق لە قۆناغی خۆگونجاندندایە بۆ ئەوەی بارودۆخەکانی بە ئاڕاستەیەکی دروست و رێکوپێک رێکبخاتەوە و هیچ نیگەرانییەک نییە.”

باسی لەوەشکرد، ئابووری حکومەت ناوەندی قورساییەکی بەهێزی هەیە بۆ رێکخستنی ژیانی ئابووری لە وڵاتدا پێکدەهێنێت و خاوەنی بنچینەیەکی تەواوەتییە پێکهاتەکانی پشتگیریکردن و سەقامگیرکردنی ئابووری بازاڕ.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینییووە و بانکی ناوەندی و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند رێکارێکیان راگەیاند بۆ دابەزینی نرخەکەی کە گەیشتە ١٦٠ هەزار دینار.

هاوکات ئەمڕۆ، لە بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانیدا، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بووە ١٥٢ هەزار و ٢٥٠ دینار و تمەنیش بەرامبەر دۆلار کەمێک بەرزبووەوە.