یەدەگی نەختینەیی عێراق 90 ملیار دۆلاری تێپەڕاند

ئیحسان یاسری راوێژکاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، “بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا یەدەگی نەختینەیی 90 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، کە ئەمە ژمارەیەکی گەورەیە، ئاماژەیە بۆ بوژاندنەوەی ئابووری عێراق، ئەمە جگە لە بەرزبوونەوەی بەهای دراوی عێراقی”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “بەهای دراوی عێراق یان باڵانسی عێراق 160% ی تێپەڕاندووە واتە بەهای دیناری عێراقی یەک دینار و نیوی تێپەڕاندووە”.

باسی لەوەش کرد، “لەگەڵ ئەوەی دیناری عێراقی دراوێکی نێودەوڵەتی نییە بۆ ئاڵوگۆڕ، بەڵام لە ئێستادا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە بەهاکەی بەدەستهێناوە و دەگەڕێتەوە بۆ ناو دراوە بەهێزە نێودەوڵەیییەکان”.

ئاشکراشی کرد، “بانکی ناوەندی وازی لەو سیاسەتە کۆنەی خۆی هێناوە کە چاودێری هاوسەنگی و جێگیری دەرکردنی پارەبوو، ئێستا بووەتە دامەزراوەیەکی گەشەپێدانی گەورە، پارەکانی ناو سندوقی گەشەپێدانی سەر بە بانکەکە گەیشتووەتە 18 ترلیۆن دینار”.