پڕۆگرامی خولی ئامادەکردنی ڕاهێنەری پیشەیی بە ستانداردی ئەڵمانی بەڕێوەچوو

ئا: زریان محەمەد

بەمەبەستی پێگەیاندنی ڕاهێنەرانی پیشەیی خولێکی تایبەت بۆ ژمارەیەک لەمامۆستای پیشەیی‌و زانکۆ لەبواری ڕاهێنانی پیشەیی بەڕێوەچوو، کە تیایدا تەکنیک‌و ستراتیجی نوێ بەبواری ڕاهێنان بەستانداردی ئەڵمانی باسی لێوەکرا.

توانا محەمەد زاهیر، ڕاهێنەری نێودەوڵەتی ستانداردی ئەڵمانی AdA International بەڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند “پاڵپشتیکردنی پرۆژەکە لەلایەن ڕێکخراوی ئابووری حکومەتی باڤاری BBWوە هەروەها نوسینگەی هەماهەنگی و پەیوەندی ئابووری ئەڵمانی لەعێراق AHK-Iraq کە سەر بە چەتری ڕێکخراوەیی ژوورەکانی پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانیایە بەڕێوەدەچێت”.

ڕاشیگەیاند “ئامانج لە خولەکە پێگەیاندنی ٢٠ ڕاهێنەرو مامۆستای پیشەیی‌و زانکۆکان لەبواری ڕاهێنانی پیشەیی‌و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری تایبەت بەبواری ڕاهێنانی پیشەیی‌و بەرزنرخاندنی تێکەڵکردنی هەردوو لایەنی ئەکادیمی‌و پیشەیی‌و تەکنیک‌و ستراتیجی نوێ تایبەت بەبواری ڕاهێنان بەستانداردی ئەڵمانی”.

ماوەی ڕاهێنانەکە ۱۰ ڕۆژی خایاند لەشاری سلێمانی‌و ئەم پرۆگرامە لەلایەن پێنج ڕاهێنەری نێودەوڵەتی بەستاندەردی ئەڵمانی پێشکەش کرا لەژێر ناوی AdA International Trainers .

کۆتا ڕۆژی خولەکە بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی BBW لەعێراق‌و پاش پێشکەش کردنی پڕۆژەی بەشداربوان‌و هەڵسەنگاندنیان لەلایەن لیژنەی دادوەری کە پێکهاتبوون لەڕاهێنەرانی نێودەوڵەتی AdA بڕوانامەی بەشداریکردن بەخشرایە بەشداربوانی خولەکە.

توانا وتی “بەڕێوەبەری نوسینگەی عیراقی ڕێکخراوی BBW ئەڵمانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە بەشداربوان بەپەرۆشەوەو زۆر بەڕێکوپێکی ئامادەی هەموو ڕۆژەکانی خولەکە بوون کە تەوەرەکانی خۆی دەبینیەوە لەشێوازی پێشکەوتوو کاریگەر بۆ پێگەیاندنی گەنجانی پیشەگەرو خاوەن ڕوئیای نوێگەری داهێنەرانە لەناوەندەکانی فێرکردنی پیشەیی‌و تەکنیکی، هیوایان خواست‌و داواکار بوون لەڕاهێنەرانی نێودەوڵەتی AdA و ڕێکخراوی BBWو AHK ئەڵمانی کە لەپڕۆژەکانی داهاتوویاندا بەردەوامی بدەن بەم جۆرە خولانەو یارمەتیدەریان بن بۆ بەرەوپێش بردنی خوێندنی پیشەیی‌و تەکنیکی‌و پێگەیاندنی خوێندکاری خاوەن ئەزموون‌و پیشەگەر بۆ بازاڕی کار”.

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی یەکێکە لەهاوبەشەکانی ئەم پڕۆژەیە بەئامانجی پێگەیاندنی کەسانی پسپۆڕو پیشەگەر بۆ بازاڕی کارو کارگە گەورەکان‌و پشتبەستن بەدەستی کاری ناوخۆیی.

‎دکتۆرە سۆزی ئازاد محەمەد، مامۆستای زانکۆ لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەربارەی بەشداری کردن لەو خولەداو گرنگی‌و سوودەکانی بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” وتی “بەشداری کردنم لەخولەکە زۆر بەگرنگ ئەبینم، من بۆ خۆم چەند ئامانجێکم هەبوو لەبەشداری کردنم، بە پێی سروشتی کارەکەم لەو باوەڕەدام کە ئەبێ چەند تەکنیکێکی گرنگ فێر ببم بۆ ڕاهێنانی خوێندکارەکانم بەپێی رێگای نوێ، بەشێک لەکاری من هاندانی فێرخوازە بۆ دروستکردنی بیرۆکەی کارو پەیوەست کردنی بابەتە تیۆرییەکانە بەواقعی لایەنی پیشەیی لەبازاڕی کاردا، هەروەها بەگرنگی ئەبینم کە فرسەتێکی وەکو ئەم خولە دەبێ وەلانەنرێ بۆ ئەوەی ڕاهێننان بەپێی تواناو بڕوانامە لەهەرێمی کوردستاندا گەشە پێبدرێ”.

‎وتیشی “بە بەشداری کردنم لەم کۆرسەدا لەمەبەستی تەواوی ڕاهێنان‌و ئەو دەستپێشخەرییەی ڕێکخراوی    BBW لەگەڵ ژووری بازرگانی سلێمانی تێگەیشتم کە دەبێ هەنگاو بنرێ بۆ بەگەڕخستنی توانای پیشەیی فێرخوازو ڕاهێنانیان بۆ بەدەستهێنانی کار، کۆرسەکە بابەت‌و ڕێگەو تەکنیکی نوێی تێدابوو کە لەلایەن ڕاهێنەرانەوە زۆر بەوردی ڕوون دەکرایەوەو ئامانج لەبەکارهێنانیان چییە، یەکێ لەبابەتە کاریگەرییەکان بەلای منەوە داڕشتنی پلانی ڕاهێنان بوو، تا ڕادەیەکی زۆر بەردەوامی ئەو جۆرە کۆرسانە بەگرنگ دەزانم بەڕای من تا کەسانی زۆرتر لەم پرۆگرامی ڕاهێنانە بەشدار بن زیاتر پەرە بەلایەنی پیشەیی ئەدرێ لەکوردستاندا، بەدڵنیایەوە ستاندەردی ئەڵمانی پراکتیزە کراوە پێشترو بەپێی گرنگی لەکەرتی پیشەسازییە جیاوازەکاندا پێداویستی ڕاهێنان وردتر ئیشی لەسەر کراوە”.

‎جەختیکردەوە بەدڵنیایەوە لەمەودای درێژخایەنداو پەیڕەوکردنی ئەو ستاندەردە پێشکەوتووانە گەشەسەندنی هێزی کارو پێشخستنی بواری پیشەیی بەدیدەکرێ. ڕەنگە ئەمە بەچەند هەنگاوێک‌و باشترکردنی پرۆسەکەو پشتگیریی زۆر کەرت‌و لایەنی بوێ، بەڵام بەهەبوونی هیوا بۆ پێشخستنی بواری پیشەیی کاریگەرییەکە دەردەکەوێ.

‎یەکێک لەبەشداربوان پێیوایە ئەم خولە وا دەکات گەنج ببێتە هێزی کارو خاوەن پیشە.

سازان ئەبوبەکر حسێن، ڕاهێنەری پرۆگرامی جیهانی Magic Mathو ڕاهێنەر لەڕێکخراوی کۆچار بۆ گەشەپێدانی مرۆیی بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” وتی “زۆر گرنگ بوو بەلامەوە کەوا بەشداربم لەم خولەدا، بێگومان هەر خولێک یان هەر بابەتێک کە بەئامانجێک دائەنرێت، پلان‌و کاتی دیاریکراوی پێویستە، ئەم جۆرە خولانەش بەهەمانشێوە پێویستیان بە بەردەوامی هەیە بۆ گەیشتن بەئامانج”.

‎وتیشی “زۆر خۆشحاڵم کە ئەبینم کەسانێک هەن لە خەمی پێگەیاندنی مرۆڤ‌و مرۆڤایەتیدان، هەوڵ ئەدەن کەوا گەنج ببێتە هێزی کارو خاوەن پیشە، وەک ئاشکرایە لەهەر وڵاتێک گەنج خاوەنی هێزو پیشە بێت سەردەکەوێت”.

‎دارکۆ محەمەد جەزا عوسمان، مامۆستا لەکۆلێجی تەکنیکی کارگێڕیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، دەربارەی خولەکەو بەشداریکردنی بۆ رۆژنامەی “بازرگانی و پیشەسازی” ئاماژە بەوە دەکات “بەشداری کردنم لەخولی ڕاهێنانی ڕاهێنەران بەسەرپەرشتی نوسینگەی پەیوەندیەکان پیشەسازی‌و بازرگانی ئەڵمانی لەعێراق، گۆڕانکاری‌و خاڵێکی گرنگی دانا لەسەر کاری پیشەیم وەکو مامۆستایەکی زانکۆو چەندین تەکنیکی نوێی وانەوتنەوەی فێرکردم لەبواری تیۆری‌و پراکتیکی بۆ گەیاندنی زانیاری بەفێرخوازو بەتایبەت فێرخوازی پیشەیی “.

ئەوەش ڕوندەکاتەوە “بابەتەکانی خولەکە نوێ بوون‌و لەلایەن چەند مامۆستاو ڕاهێنەرێکی بەتوانا وترانەوەو شێوازی گەیاندنیان بە بەشدارانی خولەکە لەئاستێکی بەرزدا بوو کە ئەوەش مایەی خۆشحاڵی ئێمە بووە کە کات لەڕاهێنانێکی بەسووددا بەکارئەهێنین”.

‎ئەو وتی “زۆر گرنگە کە ئەم جۆرە خولانە بەردەوامییان هەبێت بۆ پێشخستنی خوێندنی پیشەیی‌و دروست کردنی ڕاهێنەری بەتوانا لەعێراق، چونکە کارکردن‌و خوێندن بەستانداری ئەڵمانی ئەزمون کراوە کە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە لەو ناوچانەی کار بەم سیستەمە دەکەن” .

وتیشی “کارکردن‌و بەردەوامی بەم جۆرە خولانە کاریگەری ڕاستەوخۆو کارای دەبێت لەسەر بازاڕی کارو پشتگیری کردنی لەلایەن کەرتی گشتی‌و کەرتی تایبەت ڕۆڵەکەی زیاتر بەرجەستە دەبێت لەعێراق‌و ناوچەکەو هانی تاکەکانی کۆمەڵگا دەدات کە دەستبکەن بەدروستکردنی پیشەی تایبەت بەخۆیان‌و بەردەوام چاویان لەدامەزراندنیان نەبێت لەکەرتی گشتی‌و دروست بوونی بارگرانی زیاتر بەسەر حکومەتەوە، هەروەها ئەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگایەکی پیشەسازی‌و ئەبێتە هۆی پێشخستنی وڵات لەهەموو بوارەکان”.

‎‎بڕیارە ئەم جۆرە خولانە بەردەوامی هەبێت ئەگەر سپۆنسەری ڕێکخراوەکان بەردەوامی هەبێت.