چی وایكرد ئەمساڵ جوتیاران كێشەی نرخ و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان نەبێت؟

جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بەرهەمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێم كەمتر كێشەی نرخ و ساغكردنەوەی هەبوو، بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەو پلانانە ئاشكرادەكات كە بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی كێشەی ساڵانی ڕابردوو سەبارەت بە بەرهەمی ناوخۆ گیراونەتەبەر.

بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتە، خەیار، پەتاتە و هەندێك لە بەرهەمەكانی دیكەدا جوتیاران ناچاردەبوون بەرهەمەكانیان بە نرخی زۆر كەم بفرۆشن.

جگەلەوەی زۆرجار بەهۆی ئەوەی بەرهەمەكانیان ساغنەدەبووەوە و نرخێكی ئەوتۆی نەدەكرد، لە چەندین خۆپیشانداندا جوتیاران شەقامەكانیان بە بەرهەمەكانیان ڕەنگڕێژدەكرد و فڕێدەدا.

بەڵام بۆ ئەمساڵ كەمترین گرفت و ناڕەزایی لەوجۆرە بەدیكرا.

هیوا عەلی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕاگەیاند، گرتنەبەری ڕێكاری پێویست لەلایەن وەزارەتەكەیانەوە بە دەركردنی ڕۆژنامەی كشتوكاڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بۆ قەدەغەكردنی بەرهەمی هاوردە لەكاتی وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆی جوتیاران یەكێك لە پلان و هۆكارەكانە.

وتیشی، “لەئێستادا وەزارەت لەڕێگەی ئەنجومەنی وەزیران و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان، هەماهەنگی هەیە تا سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكان و ئەو شوێنانەی خزمەتگوزاریی گەورەی تیایە، بەرهەمی ناوخۆیی بەكاربهێنن، ئەوەش دەبێتە پاڵپشتی گەورە بۆ بەرهەمی ناوخۆ”.

لەسەر ئاستی هەرێمیش چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و گرنگ ئەنجامدراوە، جگە لە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لەنێوان نرخ و بەرهەمهێنانی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و ئەو پڕۆسەیەش بەردەوامە، هیوا عەلی وای وت.

جەختیشیكردەوە لەسەر گرنگیی ئەو هەماهەنگییەی وەزارەتەكەیان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵیی عیراق هەیەتی بەتایبەت بۆ كردنەوەی بازاڕەكانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور بەمەبەستی هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆیی جوتیاران، ئەمەش دەرگایەكی گەورەی واڵاكردووە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ.

بەرپرسەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر ئاستی ناوخۆ داوا لە وەزارەتەكانی كار و ناوخۆ كراوە پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەستن، هەروەك وەزارەتەكانی دیكەش خەریكە دێنە سەر هێڵی بڕیاری بەكارهێنانی بەرهەمی ناوخۆ، هەموو ئەوانەش ئەگەری بەفیڕۆچوونی بەرهەمی ناوخۆ یان بێبەهابوونی لە بازاڕدا كەمدەكەنەوە یان ناهێڵن.