لێبڵ چییە؟

وەسفی خەلیل

زۆر جار بەهۆی پیشکەوتنی زانست‌و تەکنەلۆجیاوە ڕوبەڕووی چەمک‌و زاراوەی نوێ دەبینەوە، ئەستەمە بتوانین بەرانبەرەکەی لەزمانی کوردی پەیدا بکەین، بۆیە تەنها دەتوانرێت پێناسەیەکی بۆ بکرێت، کە واتا ڵیبڵ بریتیە لەو زانیارانەی لەسەر هەموو مادەیەکی بەپاکێت کراو دەنوسرێت، گوزارشت لەپێکهاتەکەی دەکات لەڕووی شێوەو سیفاتە فیزیاویی‌و کیمیاویی‌و چۆنیەتی بەکارهێنانییەوە.

لێره‌دا لەبەر زۆری جۆری مادە بەپاکێت کراوەکان‌و لەبەرئەوەی هەریه‌ک پێوستی بەپسپۆری تایبەتی خۆیەتی، ئێمە لێرەدا تەنها مادە خۆراکییە بەپاکێت کراوەکان دەبێتە جێگه‌ی باسەکەمان.

دیارە مرۆڤ سەدان ساڵە لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی بژێوی خۆی لەخۆراک دابین بکات، بەڵام زۆرجار ئەو بڕەی بەرهەمی هێناوە لەپیوستی خۆی زۆرتر بووە، بۆیە بیری لەوە کردوەتەوە بەشێوەیەک لەشێوەکان هەڵیبگرێ بێ ئەوەی تێکبچێت، بۆیە هەر لەو سەردەمانەوە بیریان لەوە کردوەتەوە یان بەڕێگەی وشک کردنەوە وەکو ئەوە بۆ میوەو سەوزە دەکرێت، یان بەکارهێنانی خوێ بۆ مانەوەی ئەو خۆراکە بۆ زۆرترین ماوە.

دیارە تا ئیستاش ئەمە لەزۆرێک لەبازارە میللیەکان بەدیدەکرێت، به‌گوێره‌ی بۆچونی پسپۆرانی زانستی خۆراک ئەو جۆرە رێکارانە لەبەرئەوەی هیچ مادەیەکی کیمیایی یان گۆرانکارییه‌کی بەسەرنەهاتوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو جۆرە هەڵگرتنە کەمترین رێژە لەبه‌ها خۆراکییەکەی لەدەست دەدات.

لەبەرئەوەی ئەمە پرۆسەیەکی زۆر خاو بوە، نەتوانراوە پێداویستی بازاڕ دابین بکات بۆیە کەسانی شارەزا لەم بوارە بیریان لەوە کردوەتەوە ئامێری تایبەت دروست بکەن چ بۆ ئەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەفیڕۆ نەچێ چ لەوەی بتوانن لەوەرزێکی تر به‌کاریبێنن، بۆ نمونە کاتی خۆی بەهەرەوەزی چەند ماڵێک لەکاتێک بەرهەمی تەماتە زۆر بوو، لەهەمانکات هەرزان بوو دەستیان دەکرد بەدروستکردنی دۆشاوی تەماتە، بەڵام دوای ئەوەی کارگەی دروستکردنی دۆشاوی تەماتە هاتە ئارا ئەم دیاردەیە نەما. به‌ڵام پرسیارەکەمان ئەوەیە ئایا ئەمەی بەئامێر دەکرێ بەهەمان ڕێگا باوەکەی جاران ئەو خۆراکە هەمان بەهای خۆی هەیە؟
بێگومان نەخێر چونکە ئەمجارە جگە لەخێرایی پرۆسەکە کە دەبێتە هۆکاری کەم کردنی بەهای خۆراکەکە، ئەو دەفرانەیش، قتو بێت یان پلاستیک یان هەر مادەیەکی تر تا رادەیەک بەتێپەربوونی کات کارلێکردنی کیمیاویی دەکات لەگەڵ خۆراکەکە، ئەوەش دەبیتە هۆی دروستبونی مادەی زیانبەخش، بۆ کەم کردنەوەی ئەم کردارە بیریان لەوە کردوەتەوە هەندێ مادەی کیمیاویی بەکاربهێنن بۆ ئەوەی ئەو خۆراکە بۆ درێژترین ماوە بمێنێته‌وەو تیکنەچێت، بێگومان ئەو خۆراکە سەڕەرای بەکارهێنانی چەند مادەیەک بۆ مانەوەی، به‌ڵام بەهەموو شێوەیەک بەتێپەربوونی کات لەئەنجامدا هەر تیکدەچێت، بۆیە بەپێویست دەزانریت ماوەیه‌ک دیاری بکرێت خۆراکەکە بەسەلامەتی بمێنیتەوەو ڕۆژی بەرهەمهێنانی لەگەڵ ڕۆژی تێکچونی دیاری دەکرێت.

دیارە هەر خۆراکێک ترشی‌و سوێری‌و تفتی جیاوازە، کەواتە ئەمەش وا دەکات پێشوەخت جۆری ئەو مادەیە دیاری بکرێت کە ئەم قوتوەی لێ دروست دەکرێ، کەواتە تا بتوانرێت خۆراکیک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڵبگیرێ دەبێت بەپرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز تێبپەڕێت، بەڵام هاوڵاتی ئاساێی ناتوانێت بەباشی لێیتێبگات، بۆیە پسپۆرانی ئەم بوارە بیریان لەوە کردوەتەوە چۆن بتوانن هاوڵاتی ئاشنا بکەن بەپێکهاتەی ئەو خۆراکەو چ گۆڕانکاری بەسەریدا هاتوە، ئەمەش بووە مایەی ئەوەی لیستێک بەقوتوەکە یان پاکەتەکە هەڵواسن هەموو ئەوەی باسمان کرد لەسەری بنوسرێت.

لەوانەیە پرسیار بکرێت: کەی گرنگە بۆ ئێمە ئەم خۆراکە بەم پرۆسە ئاڵۆزەدا تێپەڕیوە؟ نەخێر زۆریش گرنگە چونکە لەم سەردەمەی ئێمەی تێداین چەندین جۆر نەخۆشی زیادی کردوە، هۆکار زۆرن یەکێک لەوانە هەندێک لەم جۆرە خۆراکانەیە، چونکە سروشتی پیکهاتەی جەستەی مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی تر لەڕووی بەرگرییەوە جیاوازی هەیە، ئەمە لەلایەک.

لەلایەکی ترەوە بەرگری جەستەی مرۆڤ بۆ هەر مادەیەکی ژەهراوی بەپێی تەمەن جیاوازە، لەوانەیە زۆرجار جەستەی گەنجێک بتوانێت تا رادەیەک خۆی دەرباز بکات لەو مادە ژەهراویانەی ڕۆژانە لەو جۆرە خۆراکانە دەچێتە لەشییەوە، هەروەها ئەو مادانەی به‌کاردێت بۆ پاراستنی خۆراکەکەش تارادەیەک هاندەرە بۆ سەرهەڵدانی هەندێ نەخۆشی. بۆیە لێرەدا زور گرنگە پسپۆرانی بواری خۆراک هەردەم هەوڵبدەن رینمایی پێویست بڵاوبکەنەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان پێش ئەوەی هەر خۆراکێکی لەقوتونراو بەکاربێنن، ئەو ڵیبڵەی پێوه‌ هەڵواسراوە بەوردی بخویننەوە بۆ ئەوەی ڕۆژێک لەڕۆژان ڕوبەڕوی نەخوشییه‌کی ترسناک نەبنەوە هەم خۆیان‌و هەم ماڵ‌و منداڵیان دووربخەنەوە لەهەر جۆرە نەخۆشییەک.

دەبێت هەمووان ئەو راستیە بزانن هەر وڵاتیک بەپێی ستاندەری خۆی چاودێری ئەو زانیارانە دەکات کە لەسەر قوتوو یان پاکەتەکە بەشێوەیەک نوسراون، بۆ ئەوەی نەخۆراکەکە بەهای خۆی لەدەست دابێت، نە لەڕووی تەندروستییەوە ببێتە مایەی نیگەرانی بەکارهێنان.
ئەبێ ئەو راستیەش بزانین بەکاربەر دەبێت هەندێ هوشیاری لەبارەی بەها خۆراکیه‌کان هەبێت یان رێنمایی بکرێت دەبێت ئەوانەی نەخوشی دریژخایەنیان هەیە بەوریایەەوە ئەم جۆرە خۆراکانە بەکاربهێنن .

لێرەدا بۆ ئەوەی زیاتر بەئاگابن لەپێکهاتەی خۆراکە لەقوتوو پاکێت کراوەکان، دەبێت ئەم زانیارانەی خوارەوەی لەسەر دیاری کراوە بەهەند وەربگرن، گرنگترینیان ئەمانەن:
١/ رێژەی خوێ کە بریتیە لەکلۆرید سۆدیۆم لەخۆراکی ئاسایی خۆمان ئارەزومەندانە بەکاردێت، بەڵام لەم جۆرە خۆراکە ڕێژەکەی بۆ هەموو کەسێک وەکو یەکە.

٢/ چه‌ورییە تێرەکان لەهەمانکات پێیدەوترێ ترشە چەورییە تێرەکان، لەڕووی به‌های خۆراکی پێیدەوترێ “چەورییە زیانبەخشەکان” کە زیادكردنی کۆرسترۆل رۆڵی هه‌یه‌ له‌زیادكردنی كێشی له‌ش.

٣/ وزە بەیەکەی کیلۆ کالۆری پێوانە دەکرێ دەبێت ڕەچاوی بڕی ئەو وزەیە بکرێت کە لەخۆراکی لەقوتونراودا هەیە چونکە تا رێژەکەی زۆر بێت دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشی مرۆڤ، بەڵام لەکاتێکدا مرۆڤ کارێکی قورس ئەنجامدەدات ئەوکات دەبێت وزەی زیاتر وەربگرێت، ئەمەیش نابیتە گرفتێک بۆی.

٤/ جۆرەکانی شەکر کە بەکاربۆهیدارات ناسراون، ئەمەش بەهەمانشێوەی وزە زۆرەو سوودمەندە بۆ چالاکی ڕۆژانەی مرۆڤ، بەڵام زیاد بەکارهێنانی زیانی خۆی هەیە.
٥/ ریشاڵ چەندین سوودی هەیە بۆ مرۆڤ، بۆیە دەبێت رۆژانە بەکاربێت بەڕیژەی ٣ گرام لەهەر ١٠٠ گرام خۆراک.

٦/ چەوری دووهێندە یەکەی گەرمی تێدایە (کالۆری) ئەگەر بەراورد بکرێت بەکاربۆهیدرات‌و پرۆتین، بۆیە زۆر بەکارهێنانی دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشی مرۆڤ.

ئەو مادانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد رێژەکەی بەڕون‌و ئاشکرا دیاریکراوە لەسەر خۆراکە لەقوتونراوەکە.
لەڕووی مێژووییەوە پسپۆرانی ئەم بوارە هەوڵیانداوە گرنگی بەو زانیارانەی سەر خۆراکە لەقوتونراوەکان بدەن، لەوانەیش کۆمپانیای کلوکزی ئەمریکی، کە هەر لەساڵی ۱۹۳۰ەوە بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی جیهان گرنگی بەم بوارە داوە.

نابێت لەهەمانکات رۆڵی دەزگای خۆراک‌و دەرمانی ئەمریکی fda لەبەرچاو نەگرین، کە لەساڵی ١٩٠٦ دامەزراوەو جگە لەوەی لەبوارە پزشکییە ئاژەڵیی‌و مروڤیەکەی ڕۆڵی گەورەی هەیە، لەبواری خۆراکیشەوە چاودێر بووە لەخستنە بازاڕی خۆراکی تەندروست.

لەکۆتایدا زۆر گرنگە حکومەتی عێراق‌و هەریم گرنگی بدەن بەم بوارە، بەتایبەت بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری خۆراکی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە رێگری بکات لەو نەخۆشیانەی لەئەنجامی خۆراکە ناتەندروستەکان سەرهەڵدەدات، دەبێت هەمیشە ئەو وتەیەمان لەبیربێت کە دەڵێت “خۆپاراستن باشترە لەچارەسەرکردن”.