پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی شیر لەهەڵەبجە کەوتە کارکردن

 ئا: زریان محەمەد

گرنگیدان بەزیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی‌و پشتبەستن بەتوانای دەستی کارو کەمکردنەوەی هاوردە، داواکاری بەشێکی زۆری بەرپرسانی هەرێمی کوردستانە، داواکاریی خاوەنکاران‌و خاوەن پرۆژەکانیش پاراستنی بەرهەمەکانیان‌و پشتیوانیکردنی حکومەت بۆ بەردەوامی کارکردنیان، بەڕێوەبەری کێڵگەی ئاژەڵی راسان لەهەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکانی وەک ئەوان پێویستی بەپشتیوانی حکومەت‌و لایەنە پەیوەندیدارەکانە، ئەو دەڵێت “ڕۆژانە هەر بزنێک لەپڕۆژەکەی ئێمەدا سێ تا پێنج کیلۆ شیر دەدەن”.

دکتۆر ئەرکان مەنوجەر، بەڕێوەبەری کێڵگەی ئاژەڵی راسان لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بازرگانی‌و پیشەسازی وتی “لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ٣٦٠ بزنی شیردەر بەنێرو مێ لەوڵاتی هۆڵەنداوە هاتۆتە ناو کێڵگەکەمان لەپارێزگای هەڵەبجە ئەم کێڵگەیەمان توانای تا ١٠٠٠ بزنی شیردەری هەیە کە بەبزنی سانین ناودەبرێت”.
وتیشی “ڕۆژانە هەر بزنێک سێ تا پێنج کیلۆ شیر دەدەن، جۆری شیرەکەیان جیاوازە لەشیرەکانی دیکە، ئەو جۆرە شیرە لەهەرێمی کوردستاندا نیە، بەها خۆراکیەکانی ئەم شیرە لەجۆرەکانی دیکە دوو هێندەو نیو زیاترەو لەماوەی دە مانگدا شیر دەدات‌و زۆرینەی سکەکانی دوانەن یان سیانەن‌و بەیەک جار زایین دەتوانێت بە بەردەوامی بۆ ماوەی شەش ساڵ شیربدات کە ئەمە لەبزنی خۆماندا بونی نیە”.

ئاماژەی بەوەش دا پڕۆژەکەیان لەساڵی ٢٠٢٠ دامەزراوەو لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ بزنی ساینینیان لەهۆڵەنداوە هێناوە کە تایبەتمەندی ئەم جۆرە بزنە بەئاست بەرزی‌و زۆریی شیرەکەی دەناسرێت‌و بۆ یەکەمجارە ئەم جۆرە بزنە دەهێنرێتە کوردستان‌و عێراق، ئەو وتی “ساڵانە هەر بزنێک ٩٠٠ تا ١٠٠٠ لیتر شیر دەدات، خواردنی ئەم جۆرە شیرەش بۆ گەشەی منداڵ زۆر پێویستە، هەروەها گۆشتەکەشی تام‌و چێژی خۆی هەیە”.
وتیشی “بەرهەمی ئەو شیرەی کە کۆیدەکەینەوە بەشێوەی فرێشی دەفرۆشرێت‌و بەشێوەی کۆ بەچەند کۆمپانیایەک دەدرێت بەکاریدەهێنن لەدروستکرنی پەنیرو ساردەمەنی کە باشترین جۆری شیرە بۆ ساردەمەنی”.

بەڕێوەبەری کێڵگەی راسان لەسەر روبەری ٣٢ دۆنم زەوی بنیاتنراوەو خۆراکی ئەم بزانەش کە بەشێوەیەکی سەرەکی جۆو وێنجەو پوشە لەم روبەرەدا بەرهەم دەهێنرێت کە پڕۆژەکەی لەسەر بنیاتنراوە.

بەڕێوەبەری کێڵگەی راسان جەخت لەوە دەکاتەوە لەئێستادا کارەکەیان گواستنەوەی قۆناخی ئاژەڵداری کلاسیکیە بۆ پیشەسازیکردنی کاری ئاژەڵی کە تیایدا کەمترین تێچون‌و زۆرترین بەرهەم بەدەست دەخرێت، ئەو وتی “ئەم جۆرە پرۆژانە پێویستی زۆری بەهاوکاری حکومی هەیە بەتایبەتی لەکارئاسانی کردن بۆ دەست گەشتنمان بەجیهانی دەرەوە لەبەرامبەر ئەو پێشکەوتنانەی ئەوان هەیانەو ئێمە سەرەتامانە، تەرخان کردنی زەوی بۆ ئەم جۆرە پڕۆژانە زۆر گرنگە، بەهۆی فرە خاوەنی زەویەکان هیچ بازرگانێک ناتوانێت بەیەکجار هەزار دۆنم زەوی دەستکەوێت تا بتواندرێت بەهەزاران مانگای تیادا بەخێو بکات، حکومەت پێویستە خەڵکانی پسپۆرو شارەزا لەبوارەکەدا دابین بکات‌و زانیاری بدات بەبازرگان‌و سەرمایەداران تا تووشی زەرەرو زیان نەبن لەدانانی پڕۆژەدا، یان ژوورە بازرگانیەکان دەتوانن ئەو ڕۆڵە ببینن لەدانانی کەسانی بەتوانا”.
وتیشی “کارگەی راسان بۆ بەرهەمهێنانی شیری بزن لەئێستادا ٣٠٠ بزنی شیردەر لەکێڵگەکەدایەو نەوەی یەکەم لەدایکبووە بەسەرکەوتوانەو ١٥٠ کاری مێ لەپرۆژەکەدایە لەساڵانی داهاتودا ئەو ڕێژەیە دەگاتە یەک هەزار بزنی شیردەر، لەئێستادا لەتوانایدایە ساڵانە ٧٠٠ لیتر بەرهەمبهێنێت، لەدوو ساڵی ئایندەدا ئەو ڕێژەیە بەرز دەکەینەوە بۆ ٣ هەزار لیتر لەهەر ساڵێکدا”.

دکتۆر ئەرکان، لەگەڵ دانانی ئەو جۆرە پرۆژانەیە چونکە بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەرفەتی کار دەڕەخسێنن لەپرۆژەکەی ئەواندا لەئێستادا نزیکەی ١٥ کەس کاردەکات‌و لەدەرەوەی پڕۆژەکە کەسانێکی زۆر سودی لێوەردەگرن.
گرنگیدان بەپرۆژە بەرهەم هێنەکان لەناوخۆی هەرێمی کوردستان دەرفەتی گرنک دەڕەخسێنێت بۆ دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان تا بتوانرێت لەناوخۆدا سوود لەتواناکانیان وەربگیرێت.

  • l