پلاندانانی عێراق: ئاماژەی بووژانەوەی ئابوری لە ساڵی 2021دا هەبووە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی دیاریکردنی پێوەرە ئابورییەکان، ئاماژەی بەرەوپێشچوونی ئەرێنی هەبووە.

عەبدولزەهرە هنداوی وەزیری پلاندانانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە، “لە ساڵی 2021دا بەهۆی ڕاوەستانی ناوبەناوی ئاڵوگۆڕ لەنێوان وڵاتاندا، بەشێوەیەکی گشتیی نرخی کاڵا و کەلوپەل بەرزبووەوە، لەبەرامبەردا خواست لەسەریان زیادیکرد ئەمەش جارێکی دیکە نرخی بەرزکردەوە”.

هنداوی دەڵێت، “گەڕانەوەی ژیان بۆ دۆخی ئاسایی خۆی لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینەوە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی ھەبووە لەسەر دروستبوونەوەی جووڵە لە ئابوریی وڵاتدا”.

جەختیشیکردەوە، “هەر جموجوڵێک لە ئابوریدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بازاڕ و گەشەی ئابوری”. باسی لەوە کردووە، “لەبەر ئەوەی ساڵی 2021 کۆتایینەهاتووە، تائێستا وەزارەتی پلاندانان ڕاپۆرتی کۆتایی لەو بارەیەوە ئامادەنەکردووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئاماژەکان پیشانیدەدەن کە بەرەوپێشچوونی زۆر هەبووە”.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو پڕۆژانەی پێشتر کارکردن تێیاندا ڕاگیرابوو، دووبارە كاركردن تیایاندا دەستپێكراوەتەوە، بەمەش بەشێکی زۆر لەوانەی لە ساڵی 2020دا کارەکانیان لەدەستدابوو گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و هەموو ئەوانەش ئاماژەی ئەرێنین بۆ گەشەی ئابوری.