عێراق و ئێران لەسەر زیاد كردنی گەشتەكانی نێوانیان ڕێككەوتن

وەزیری گواستنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق رێککەوتوون لەسەر زیادکردنی ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان لە ١٠٠ گەشتەوە بۆ ٢٠٠ گەشت لە رۆژێکدا.

ئەمڕۆ دووشەممە، رۆستەم قاسمی وەزیری گواستنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئێران بە ئاژانسی ھەواڵی ئێرنای وڵاکەتەی راگەیاند، ئێران و عێراق بەنیازن گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان لە ١٠٠ گەشتەوە بۆ ٢٠٠ گەشت رۆژانە زیاد بکەن.

ئەو وتیشی، رێککەوتوون لەسەر جێبەجێکردنی ھێڵی ئاسنینی دەروازەی سنوری شلامچە لە پارێزگای بەسرە، ھەروەھا لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رۆستەم قاسمی وەزیری گواستنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئێران باسی لەوەکرد، گفتوگۆیان لەبارەی سەرجەم پەیوەندییەکان و کایەکانی پەیوەست بە ئابوری و بازرگانی کردووە.

قاسمی روونیشی كردەوە، عێراق لە ئێستادا لە قۆناغی خۆ دروستکردنەوە و ھەستانەوەدایە، ھەربۆیە پێویستی بە ھاوکاری ھاوبەشێکی گرنگی وەک ئێران ھەیە.