پاوەند و یۆرۆ بەرانبەر دۆلار بەرزترین نرخیان لە ماوەی یەک ساڵدا تۆمار کرد

ساڵی رابردوو ساڵێکی زۆر خراپ بوو بۆ بەهای یۆرۆ و پاوەند و تەنانەت لە مانگی ئەیلوولدا نزمترین نرخیان بەرانبەر دۆلار لە مێژوودا تۆمار کرد بەڵام چەند مانگێکە دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە و ئێستە بەهای یۆرۆ و پاوەند بەرانبەر دۆلار گەیشتووەتە بەرزترین نرخ کە لەوەتەی نیسانی ساڵی 2022 تۆمار کرابێت.

سەرەڕای ئەوەی کە چەند سەعاتێکە بازاڕی بۆرسە داخراوە بەڵام بەگوێرەی دواین نرخی دراو، نرخی هەر 100 پاوەند بە نزیکەی 125 دۆلار داخراوە هاوکات نرخی 100 یۆرۆ بە 110 دۆلار داخراوە.

بە گوێرەی xe نزمترین نرخ کە یۆرۆ بەرانبەر دۆلار تۆمار کردبێت بۆ 27ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە و دۆخی یۆرو بۆ یەکەم جار بەرانبەر دۆلار بێ بەهاتر بوو و هەر 100 یۆرۆ گەیشتە 96 دۆلار. نرخی پاوەندیش ئەو کات بەرانبەر دۆلار دابەزی و نرخی هەر 100 پاوەند گەیشتبووە 107 دۆلار.

گرنگترین هۆکاری پاشەکشەی بەهای پاوەند و یۆرۆ بۆ سەرهەڵدانی جەنگی ئۆکراینا و پاشان تەنگژەی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەوروپا دەگەڕایەوە بەڵام لە کۆتایی ساڵەکەدا وڵاتانی ئەوروپا توانیان بەسەر تەنگژەکەدا زاڵ بن و هەناسەیەک بە دراوەکەیان بدەنەوە و ئەمسالیش وا دیارە دۆخەکە باشتر بووە و پێشبینی دەکرێ بەهای دۆلار بەرانبەر یۆرۆ و پاوەند زیاتریش دابەزێت.