پاسەکانی سلێمانی هەندێکیان زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاردەکەن

پاسەکانی سلێمانی هەندێکیان زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاردەکەن، بەڵام هێشتا هیچ پلانێک بۆ گۆڕینیان نییە، هاووڵاتیانیش باسی کێشەکانیان لەگەڵ پاس و سیستمی گواستنەوە دەکەن.

کاکی محەمود تەمەنی ٥٧ ساڵە، تەمەنی پاسەکەشی ٤٢ دوو ساڵە ٢٠ ساڵە لەگەڵ پاسەکەیدا بوونەتە هاوڕێ، بەڵام پاسەکەی تەواو ماندوو بووە، هەیکەلەکەی ژەنگی هەڵهێناوە، کوشنەکان کۆن و ڕزیو بوو، بەڵام هێشتا هاو ڕێگان.

لە سلێمانی هەزارو ٦٠١ پاس لە ٢٥ هێڵدا کار دەکەن، کە ٤٨٢ پاسیان مۆدێلیان لە خوار دوو هەزارەوەیە، تەنانەت هەندێکیان تەمەنیان ٤٢ ساڵە.

جگە لە پاسەکان سیستمی هێڵەکانیش کۆنبوون، زۆرینەیان بە پێی ژمارەی سەرنشینەکان دەڕۆن، بۆ نمونە تا ١٥ کەس لە پاسەکەدا نەبێت ناجوڵێت، ئەگەر کەسێکیش چاوەڕوانی پاس بێت دەبێت بەلایەنی کەمەوە ٢٠ خولەک چاوەڕێ بکات.

گرانبوونی بەنزین و گرانبوونی نرخی گواسنتەوەش کێشەیەکی دیکەیە، پاسەکان کێشەیان زۆرە، لە خودی پاسەکەوە تا سیستمی کارکردن و گواستنەوەکەی کێشەیە.

خوێندکاران و هاووڵاتیان بەهۆی دواکەوتن و جۆری پاسەکەن لە کارەکانیان درەنگ دەکەون.

عیزەت مەجید ٤٠ ساڵە لە هێڵی ئازادی کارمەندە، دەڵێت پاسەکان کۆن بوون، بەڵام بەشێک لە شۆفێرەکان بەهۆی کەمدەرامەتی ناتوانن پاسەکانیان بگۆڕن.

ڕزگار عەبدوڵا، نوێنەری هێڵەکانی ناوشارە لە سەندیکای شۆفێران باس لەوە دەکات، ناتوانن کرێی پاسەکان لە ٧٥٠ دینارەوە بکەنەوە بە ٥٠٠ دینار، هاوکات داواش دەکات کۆمپانیایەک بێتە پێشەوە و هاوکاری شۆفێرەکان بکات بۆ گۆڕینی پاسەکانیان.

پاسەکان و سیستمی کارکردنیشیان پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە، لە کاتێکدا لە جیهاندا میترۆ، ترام و سیستمێکی پێشکەوتووی سەردەمیانە هەیە، بە لایەنی کەمەوە تا ١٢ شەو کاردەکەن و تەواوی شارەکەش دەگرێتەوە.