دوو شاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبنە گرانترین و هەرزانترینی جیهان

توێژینەوەیەكی ساڵانە كە گۆڤاری (زە ئیكۆنۆمیست) لەبارەی لیستی گرانترین شار لە جیهاندا بڵاویكردووەتەوە دەریدەخات دوو شار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەكێكیان گرانترین و ئەوی دیكەیان هەرزانترین شاری جیهانن.

بەپێی توێژینەوەكە، تەلئەبیب جێی بە هەریەك لە پاریس، سەنگافورە و هۆنگ كۆنگ لێژكردووە و ریزبەندی یەكەمی گرتووە لە لیستی گرانترین شاری جیهان لە ساڵی 2021دا.

لەكاتێكدا دیمەشق پارێزگاری لە پێگەی خۆی لە كۆتایی لیستەكەدا كردووە وەك هەرزانترین شار لە جیهاندا بە پێوەری دۆلار.

توێژینەوەكە روونیكردووەتەوە، ئەو كێشانەی جیهان لەماوەی رابردوودا گرفتاری بوو بەهۆی پەتای كۆرۆناوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی زۆری نرخ لە زۆرێك لە شارەكانی جیهاندا.

تەلئەبیب ساڵی 2020 لە ریزبەندی پێنجەمدا بوو، ساڵی رابردوو بۆ یەكەمجار لە مێژوویدا بووە یەكەم گرانترین شار، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزی (شیكل)ی دراوی ئیسرائیلی لە بەرامبەر دۆلاردا.

لە ریزبەندی دووەمدا هەریەك لە پاریس و سەنگافورە دێن.

مانەوەی دیمەشق لە كۆتایی ریزبەندەكەشدا دەگەڕێتەوە بۆ هەرەسهێنانی لیرەی سوری بەرامبەر دۆلار.

توێژینەوەكە باس لەوەشدەكات، دیمەشق بەرزترین ئاستی هەڵاوسانی تۆماركردووە هاوشێوەی كاراكاس، بۆینس ئایرس و تاران.