سەردانکردنی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی بۆ وڵاتی یۆنان

بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندیەکان لەنێوان ووڵاتی یۆنان و شاری سلێمانی بەسەرۆکایەتی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی لە شاری ئەسینا پایتەختی ووڵاتی یۆنان چەند دیدار و کۆبونەوەیەکی گرنگ ئەنجامدرا.

‎شاندی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی بە سەرۆکایەتی لەیلا عومه‌ر، سەرۆکی شارەوانی و سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی و بە یاوەری ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سیروان محه‌مه‌د ،عەزیز سەعید، سالار حسام الدین، عەلی ڕەوف، طارق عبدالرحمن، محسن ئەدیب، بەرزان ئەمین سەردانی وڵاتی یۆنانیان کرد لە بەرواری ٢٣-١١-٢٠٢٢ بەمەبەستی ئەنجامدانی چەند چاوپێکەوتنێک بۆ دروست کردنی هەماهەنگی زیاتر لەنێوان شاریسلێمانی سلێمانی و وڵاتی یۆنان.

‎لە سەردانەکەی شاندی شارەوانی سلێمانی لە ڕێکەوتی ٢٤-١١-٢٠٢٢ چاویا کەوت بە بەڕێز (یانیس ماسترۆگیۆرگیۆ ) سکرتێری سەرۆک وەزیرانی یۆنانی بۆ ستراتیژیەتی گەشەی داهاتوی یۆنان. دەربارەی دانیشتنەکەیان سیروان محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وتی” باسمان لە پەیوەندییەکانی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی کرد لەگەڵ وڵاتی یۆنان لە ڕووی کلتوری و بازرگانی و جوگرافیا و شارستانێتی کە بەم دواییانە لێک نزیکبونەوەی بەرچاو دروستبووە لەنێوان هەردولادا، سلێمانی ناوەندێکی گرنگی بازرگانییە بۆ کۆمپانیاکانی یۆنان بەمەبەستی وەبەرهێنان و هەماهەنگی بازرگانی لەبەرئەوەی سلێمانی یەکێکە لەشارە پیشەسازییەکانی عێراق کە لە ڕووی ئاسایشی ئابورییەوە لە نوخبەی عێراقدایە”.

‎وتیشی” لەسەرداوای بەڕێزیان بەڵێنماندا کە بەزوترین کات یاداشتنمایەکی لێکتێگەشتن لەنێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەسینا واژۆ بکرێت”.

‎سەرلەئێوارەی هەمان ڕۆژ شاندەکە چاوی کەوت بە (نیکی داندۆڵۆ) سکرتێری تایبەت بۆ سندوقی پرۆگرامی هاوکاری مرۆی یەکێتی ئەوروپا لە وەزارەتی گەشەپێدان و وەبەرهێنان.

‎سیروان محەمەد، دەربارەی ئە کۆبونەوەیە ڕایگەیند” باسمان لە چونێتی دروستکردنی هەماهەنگییەکی تایبەت لەنێوان کۆمپانیاکانی یۆنان و سلێمانی کرد کە لە ڕێگەیەوە بتوانین قەرزی بانکی و یەکێتی ئەوروپا وەربگرین بۆ دروستکردنی پرۆژەی نوێ لە سلێمانی کە دەبێت لەڕێگەی حکومەتی عێراقەوە کاری بۆ بکرێت. پلانمان دانا بۆ کارکردن لەسەر بەرنامەیەک کە لە ڕێگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقەوە وحکومەتی عێراقەوە بتوانین ئاسانکاری بکەین بۆ وەرگرتنی هاوکاری دارایی لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی یۆنانەوە بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی سلێمانی لە یەکێتی ئەوروپا یان قەرزی بانکی بۆ ئەنجامدانی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتیاری”.

‎شاندەکە لە ووڵاتی یۆنان درێژەی بە کارو چالاکیەکانیدا لەڕێکەوتی ٢٥-١١-٢٠٢٢ چاویان کەوت بە بەڕێز (دیمیتریس ئەڤرامۆپۆڵۆس) کەسایەتی سیاسی و وەزیری پێشوی دەرەوە و بەرگری ( بۆ دوو کابینە) و وەزیری گەشتوگوزار، پەڕلەمانتار و قایمقامی پێشوی ئەسینا.

‎دیمیتریس دۆستێکی دێرینی کوردە و هاوڕێی بەڕێز (قوباد تاڵەبانیە) جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە پێی ڕاگەیاندین کە دەتوانین وڵاتی یۆنان بکەین بە دەروازەی سەرەکی خۆمان بۆ هەموو کار و چالاکیەکانمان لە یەکێتی ئەوروپا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی هەیە لەنێوان یۆنان کوردستاندا و بەتایبەتی سلێمانی.

‎پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ دەربڕین لەبەرامبەر هەر بەرەوەپێشچون و لێکنزیکبونەوەیەکی بازرگانی و کلتوری و ڕۆشنبیری.

‎هەروەها پێشنیاری بۆ کردین کە پەیوەندیی لە نێوان ژووری بازرگانی سلێمانی و ئەسینا زیاتر بکرێت وەک ئەوەی کە ئێستە لەگەڵ ژووری بازرگانی سالۆنیک هەیە.

‎پەیوەندیە بازرگانیەکان و کشتوکاڵی و پیشەسازی و وەبەرهێنان لەگەڵ ووڵاتی یۆنان گرنگی زۆری پێدراوە و لەئاستێکی باشی بەرەو پێشچوونە سەردانکردنی شاندەکان لەشاری سلێمانی بۆ ووڵاتی یۆنان گرنگدانە بۆ بەهێزکردنی ئەنجامدانی کاری هاوبەش لەنێوان کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەراندا.