وەزیری پلاندانانی عێراق: بە ئاستێكی بەرزی جددی كاردەكەین لەپێناو لابردنی سەرجەم كۆسپەكانی پێشخستنی كەرتی تایبەت

وەزیری پلاندانانی عێراق دەڵێت، گەورەترین ئاڵنگاری كە ڕووبەڕووی ئابوریی عێراق دەبێتەوە، گۆڕانكاریی ڕاستەقینەیە بەرەو كەرتی تایبەت.

خالد بەتاڵ نەجم، وەزیری پلاندانانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی پەرەپێدانی كەرتی تایبەتدا ڕایگەیاند، وەزارەتەكەی بە ئاستێكی بەرزی جددی كاردەكات لەپێناو لابردنی سەرجەم كۆسپ و ئاڵنگارییەكان كە ڕووبەڕووی پرۆسەی گۆڕانكاری و پێشخستنی كەرتی زیندووی تایبەت دەبنەوە.

بەپێی وتەی ئەو وەزیرە، كاركردنی وەزارەتەكەیان لەڕێی دیاریكردن و دەستنیشانكردنی كێشەكان و دواتر دانانی چارەسەرە پێویستەكانەوەن.

“یەكێك لە كێشەكان بوونی پچڕانە لە پەیوەندیی نێوان هەردوو كەرتی پیشەسازی و بازرگانیدا، ئەمەش پێویستی بە پێكەوە تەواوكردنە لەنێوانیاندا” خالد بەتاڵ وای وت و ئاماژەشی بە پێویستی و گرنگیی كەرتێكی بانكیی گەشەپێدانی كاریگەر كرد بەجۆرێك “توانای دەستەبەركردنی زەمینەیەكی گونجاوی هەبێت بۆ كەرتی تایبەت”.

سەبارەت بە ئەركی وەزارەتەكەشی ئەوەی خستەڕوو، كە پێویستییان بە بڕیاری ئازاد و بوێرانە هەیە كە بەشداربێت لە پەرەپێدانی كەرتی تایبەتدا.