وەزیری ناوخۆ: دەسەڵاتمان بۆ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان گواستوەتەوە

وەزیری ناوخۆ بەبۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا رایگەیاند، بەسیستمی ئەلیکترۆنی و دابینکردنی شوێنی دانیشتن قەرەباڵغی و نۆرەگرتنیان نەهێشتوە، هەروەها لەم کابینەیەدا “دەوامی فەرمانبەرانمان رێکخستوەتەوە و دیاردەی دەوامنەکردنمان نەهێشتوە، جگە لەوەش دەسەڵاتەکانمان بۆ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان گواستوەتەوە”.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێکدا باسی لەوەشکرد، “ئەرکی سەرەکی گشتی وەزارەتی ناوخۆ، بریتییە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاریکردن لە سەرو سامانی هاوڵاتییان و جێبەجێکردنی یاسا و چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوخۆی هەرێم. لە كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ته‌مموزی 2019ـه‌ وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوه‌ی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م و له‌سه‌ر فه‌رمان و راسپارده‌كانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە ئاستی کارگێڕی و یاسایی و دارایی چەندین هەنگاوی گرتوەتەبەر”.

ئەوەش هاتوە، لەم کابینەیەدا “دەستکراوە بە رێکخستنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەران، رێز گرتن لە هاوڵاتییان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی رێکوپێک و نه‌هێشتنی نۆره‌ و قه‌ره‌باڵغی ، جێبه‌جێكردن و سیستمی نۆره‌ی ئه‌لیكترۆنی و دابینكردنی شوێنی دانیشتن و گۆڕینی ئاراستەی کارمەند و ئەفسەران لە شێوازی رەفتار و ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھاوڵاتیان. کاراکردنی سیستمی سكاڵای ئۆنلاین و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كانی هاوڵاتیان، کە تا ئێستا هەزار و 572 سكاڵای وەرگیراوە و چارەسەر کردنی بەشێکی هەرە زۆریان. کارا کردنی هێڵی گه‌رمی 414 و پێداچونەوە بە میلاك و نەهێشتنی دیارده‌ی ده‌وام نه‌كردن. بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان کە گونجاو بێت لەگەڵ سیستمی یاسایی و کارگێڕی ھەرێمی کوردستان، دەسەڵاتەکان گواستراونەتەوە بۆ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان”.

وەزیری ناوخۆ دەڵێت، “بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و ئەکادیمی ئەفسەران و دانانی مەرجی ھەبونی توێژینەوەی زانستی بۆ بەرزکردنەوەی پلە، کاریگەری خۆی هەبوە. جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ھێنانەکایەی یەکەی پاسەوانی و تێپەڕاندنی پەیڕەوی پاسەوانی، پەیڕەو کردنی سیستمی پاداشت و سزا بەسەر ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەران. پەیمانگه‌ی پەرەپێدانی ئەمنی و کارگێری و تەکنەلۆجیای زانیاری لە وەزارەتی ناوخۆ، چەندین خولی ئەنجام داوە بۆ پەرەپێدانی توانای ئەفسەر و کارمەندی وەزارەت، لە هەمانکاتدا دەرچواندنی یاسای کۆمپانیا ئەمنییەکان لە کوردستان بۆ یەکەمجار و یاسای نوێی چه‌ك ژمارە 2ی ساڵی2022، بە یەکێک لە دەستکەوتەکان هەرە سەرەکییەکان دادەنرێت”.

پەیوەست بەکردنەوەی بەش و بەڕێوەبەرایەتی نوێش، وەزیری ناوخۆ باسی لەوەکردوە، “چارەسەرکردنی کێشەی تۆماری لاوەکی هاوڵاتییان کە ماوەیەک بو بە دەستییەوە دەیان ناڵاند، به‌فه‌رمیكردنی ڤیزای هه‌رێم، زیادكردنی 6 نوسینگەی تری پاسپۆرت لە قەزاکانی (سۆران ، ئاکرێ ، زاخۆ ، کۆیە، چەمچەماڵ و ئامێدی) کە بە جۆرێک وەرگرتنی پاسپۆرت بە کاتێکی کورت و پێوانەیی. هەروەها پێداچونەوە بە دیزاین و کوالێتی تابلۆکانی ئۆتۆمبێل بە ھەمو جۆرەکانی و گونجاندنی لەگەڵ سیستمی تابلۆی نێودەوڵەتی، و زیادکردنی زمانی کوردی بۆ مۆڵەتی شوفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل. لە هەمانکاتدا دامەزراندنی ژوری ئۆپراسیۆن، بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران بە شێوازێکی ئەلیکترۆنی و بۆ جێبەجێکردنی یاسا، كه‌ لەو رێگایەدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ چەندین شەھید و بریندار داوه‌”.

ئەوەشی خستوەتەڕو، “سوپاسی هەمو هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و بەرگری فریاکەوتن و برا پێشمەرگەکان دەکەم، کە لە هەمو قۆناغێکدا لە هەمو کاتێکدا پاڵپشت بون، بۆ یەکتری و هەمویان پێکەوە توانیویانە ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رۆح و گیانی خۆیان بپارێزن”.