ئابڵوقه‌کانی سەر ڕووسیاو کاریگەریان لەسەر جیهان و عێراق و کوردستان

لەگەڵ دەستپێکی ھێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراین وڵاتانی ناتۆ( ئەمریکا ، بریتانیا ، کەنەدا و یەکێتی ئەوروپا) چەندین جۆر ئابڵوقەی ئابوریان خستە سەر ڕووسیا وەک فشارێک بۆ پاشگەزبوونەوە لە جەنگ و داگیرکردنی ئۆکرانیا.

یەکێک له‌وانه‌ش کەلە میدیاکان زۆر باسدەکرا، کردنە دەرەوەی ڕووسیا بوو لە سیستمی سویفت (SWIFT), (ناتۆ) بڕیاریدا بە کردنە دەرەوەی بانکەکانی ڕووسیا لە سیستەمی سویفت.

(سویفت سیستەمێکە کە بانکەکانی جیهان گرێدەدات بە یەکەوە هەر کاتێک ئاڵوگۆڕی دراو لە نێوان دوو بانکی دوو دەوڵەت دەکرێت ئەوە بە بەکارهێنانی سیستەمی سویفت ئەو کارە ئەنجام دەدەرێت).

سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا ئاماژی بەوە کرد دابڕینی بانکەکانی ڕووسیا لەم سیستەمە وا دەکات کە نەتوانن لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بەردەوام بن (هەناردە و هاوردە کردن).

بەڵام لە ڕاستیدا بە دوورخستنەوەی بانکەکانی روسیا لە (سویفت) ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان ڕاناگیرێت بەڵکو تەنها قورسی دەکات و تێچوی زیاد دەکات.

وە لەلایەکی تر دورخستنەوەکە تەنها ئەو بانکانەی ڕووسیای گرتەوە کە پێشتر خۆیان ئابڵۆقایان لەسەر بووە، کەواتە ئەم کردارە تەنها کردارێکی ڕوو کەشی بوو، یەکەم هەنگاوبوو ئەنجامدرا لەسەرەتای هێرشەکان، بۆ ڕازی کردنی هاوڵاتیانی لە ھەموو جیهان بۆ ئەوەی وڵاتانی ( ناتۆ) بتوانن بڵێن ئەوە ئێمەین دژی ڕووسیا وەستاوین.

لەگەڵ تێ پەڕ بوونی چەند ڕۆژێک و کۆبونەوەی وڵاتانی(ناتۆ) و یەک دەنگی و یەک ڕیزی و شکاندنی ترسیان لە ڕووسیا هەنگاوی دووەم دەستی پێکرد.

کە بریتیی بوو لە ئابڵوقە خستنە سەر بانکی ناوەندی ڕووسیا، ئەمە هۆکاری نووسینی ئەم بابەتەی منەو مەترسیە گەورەکەیە.

ئابڵۆقا خستنە سەر بانکی ناوەندی ڕووسیا واتە وەستانی هەموو ئاڵوگۆڕێکی دراوەکانی ( دۆلار ، یۆرۆ، پاوەن) لەگەڵ ڕووسیا.

ئامانج لەمە لاواز کردنی دراو و ئابووری ڕووسیایە کە بینیمان (روبلی روس) گەورەترین شکانی بە خۆیەوە بینی لە مێژوودا.

بەڵام وادەردەکەوێت کە ئەمە شمشێرێکی دوو سەرە بێت
چونکە ڕووسیا خاوەنی ( ٦۳٠ ملیار دۆلار)ی یەدەگەو
پێنجەم گەورەترین شەریکی بازرگانییە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، بۆیە ئەم گورزە دەگەڕێتەوەو بەر ئابوری ئەوروپاش دەکەوێت،لە نێویشیان ئەڵمانیا بەهێزترین گورزی بەردەکەوێت چونکە بەشی زۆری وزەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕووسیاوە دابین دەکرێت، و بەمەوە ناوەستێت بەڵکو کاریگەرییەکان بەر وڵاتانی تری ئەوروپاو ئەمریکاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقیش دەکەوێت
دیارترینیان زیاد بوونی نرخی نەوتە، وە زیاد بوونی نرخی نەوت واتا زیاد بوونی نرخی وزە بەمەش نرخی هەموو کاڵایەک کە لە کارگەیەک( کە بە وزە کار دەکات) بەرهەم دەهێنرێت یان پێویستی با ئامێری گواستنەوە(کە بە وزە کاردەکات) دەبێت بۆ گواستنەوە گران دەبێت.

بە وتەی شارەزایانی ئابووری هیچ شتێک نییە بە هێندەی نرخی (وزە) کاریگەری لەسەر نرخی کاڵاکان دروست بکات.

وادەردەکەوێت کە ڕووسیا ئەم پلانی ئابڵوقە خستنە سەر بانکی ناوەندییەی پێشبینی کردبێت چونکە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بانکی ناوەندی ڕوسیا بەشێکی زۆری دۆلاری ئەمریکی فرۆشتووەو ئاڵتونی کڕیوە لە بریدا.
تاکو ئێستا هەموو ئاڵوگۆڕێکی نەوت بە دۆلاری ئەمریکی دەکرێت کە پێی دەوترێت (پترۆ دۆلار).
( بە کورتی پترۆ دۆلار واتە ئاڵوگۆڕی نەوت بە دۆلار لە نێوان ئەو وڵاتەی نەوت بەرهەم دەهێنێت و ئەو وڵاتەی دەیکڕێت)
وە لەبەر ئەوەی هەموو وڵاتێک مامەڵ بە نەوتەوە دەکات و بۆ مامەڵە کردن تەنها دەبێت بە دۆلاری ئەمریکی بێت بۆیە داخوازی لەسەر دۆلار هەمیشە بەرزە، بەڵام ئاماژە هەیە لە داهاتوو هێزی دۆلاری ئەمریکی وەک دراوی سەرەکی (یەدەک)کەمبکات.

ئەگەری لاواز بوونی دۆلاری ئەمریکی لەو راستیەوە سەرچاوە ئەگرێت، کە ڕوسیا سێیەم گەورترین بەرهەمهێنی نەوتە لە هەموو جیهان بۆیە دوورنییە دەست بکات بە فرۆشتنی نەوت بە ئاڵتون و چەمکی(پترۆ گۆلد) بێتە ئاراەوە, ئەوەش یەکەم جار دەبێت لە مێژوودا کە نەوت بە شتێکی تر بفرۆشرێت جگە لە دۆلاری ئەمریکی.
بۆیە وتەبێژی گەورەترین بانکی جیهان ( بانکی گۆلد مان ساکسی ئەمریکی) هۆشداری بە دەوڵەتی ئەمریکا داوە ئابڵۆقەی زۆری سەر دەوڵەتەکان و ڕێگری کردنیان لە ئاڵوگۆڕ بە دۆلاری ئەمریکی وا دەکات کە بیر لە بە دیلی دۆلار بکەنەوە
بە تایبەت دوای ئەوەی هەردوو دەوڵەتی روسیا و چــین سیستەمی بەدیلی ( SWIFT )یان دروست کردووەکە بریتین( SPFS) و ( CIPS )
وە لەم فرە سیستەمیەدا متمانە بە دراوەکان بە گشتی کەم دەبێتەوە، و گران بوونی کاڵا لەسەرانسەری جیهان.

لە ئێستادا ئابڵوقاکان کاریگەرییەکانیان لەسەر ڕووسیا دروست کردووە و ئەمەش کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دروست دەکات
رووسیا جگە لەوەی سێیەم گەورەترین بەرھەم ھێنی نەوتە لە جیھان، گەورەترین هەناردەکەری گەنمە لە هەموو جیهان بۆیە لە ئێستادا نرخی گەنم بە ڕێژەیەکەی نا ئاسایی زیادی کردووە و چاوەڕێ دەکرێت زۆر زیاتریش بەرز بێتەوە
هەروەها رووسیا لە (٤٠٪) ی گازی سروشتی ئەوروپا دابین دەکات بۆیە چاوەڕێ دەکرێت نرخی گازی سروشتی بەهەمان شێوە بەرزبوونەوەی خەیاڵی ببینێت
هەموو ئەمانە کاریگەری لەسەر خودی ڕووسیاو هاوپەیمانەکانی و وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا دروست دەکەن

عێراق و هەرێمی کوردستان کە تا ڕادەیەکی زۆر بەکاربەرن و زۆرینەی کەرەستەکان راستەخۆ یان ماددەی خاوی کەرەستەکان لە دەرەوە هاوردە دەکرێت چاوەرێ دەکرێت کە کاریگەری ئەم جەنگەو ئابڵۆقەکانی سەر ڕوسیا بە شێوەیەکی بەرچاو تیایاندا ڕەنگبداتەوە
لە ئەگەرەکان بریتین لە زیادبوونی نرخی مریشک و گۆشت و پێداویستیە سەرەتاییەکانی خواردنی ڕۆژانەیە، چونکە تاڕادەیەک ھەموو ئەوانە بەندن بە نرخی گەنم کە وەک ئاماژەمان پێدا ڕۆژانە نرخی لە بەرزبوونەوەدایە
زیادبوونی نرخی غاز بە ھۆی پێداویستی زۆری ئەوروپا بەتایبەت بۆ ئەم سامانە
زیادبوونی نرخی ئاسن و کەرەسەتەی بیناسازی
زیادبوونی نرخی نەوت و بەنزین بۆ ھاوڵاتیان.

وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی ھەمان دۆخی عێراقیان دەبێت سەرەڕای بەڵام پێی دەچێت تاکە سوودمەند لەم دۆخە ئێران بێت چونکە لەلایەک بە ھۆی سەرقاڵ بوونی (ناتۆ) بەم کێشەوە ناچار دەبن کە بە مەرجەکانی ئێران ڕازی بن بۆ ڕێکەوتنی ئەتۆمی، بەمەش ئابووری ئێران گەشە بە خۆیەوە ببینێت، لە لایەکی تریش ئێران پەیوەندی بە ھێزی لەگەڵ ڕووسیا بەردەوامە ئەم دەرگا بازرگانییە ھەمیشە کراوە بووە لەبەرئەوە ئەکرێت لە داهاتوو بەهێزبوونێکی تومەنی ئێرانی ببینین.

ئەوەی گرنگە بیڵێین ئەوەیە کە ئومێد دەکەم ئەم دۆخە درێژە نەکێشێت و ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و عێراق چیتر نەبنە قوربانی چونکە سەرەڕای ئەوەی دوێنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد بۆ ڕێگری کردن لە قوڵبونەوەی قەیرانەکە ئەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە ھاوکێشەکان لە ئاستێکی زۆر گەورەدان.

بەدەر لە حکومەتی عێراق پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمیش هەنگاوی بەپەلە بنێت بۆ ڕێگریکردن چونکە کوردستان بەم ھەموو قەیرانەوە قورسە بەرگەی قەیرانێکی تر بگرێت.

د بڕیار ڕشید شریف
ئەندامی لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق