عێراق 50%ی سامانی هەنگی لەدەستداوە

ڕاپۆرتێکی عێراقی باس لەوەدەکات کە ئەو وشکە ساڵیەی لە عێراق هەیە هۆکارە بۆ دروستبوونی قەیرانێکی دیکە لە وڵاتدا ئەویش کەمبوونەوەی بەرهەمی هەنگوینە، بەهۆی کەمبوونەوە و لەناوچوونی بەشێکی زۆر لە سامانی هەنگ.

لە ڕاپۆرتەکەدا کە شارەزایانی پەروەردەکردنی هەنگ ئاماژەیان بە مەترسیی کەمبوونەوەی ئەو سامانە کردووە دەڵێن، پیشەسازیی هەنگوین سەرچاوەی ژیانە بۆ هەزاران هاوڵاتیی عێراقی، بەڵام ئێستا ئەو سامانە هەڕەشەی کەمبوونەوەی زۆری لەسەرە، هۆکارەکەشی بۆ وسکەساڵی، بەبیابانبوون و کەمیی ڕووەک هەروەها نەخۆشییەکانی هەنگ دەگەڕێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی هەنگوین و سامانی هەنگ پاشەکشەی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت لەمساڵدا ئەویش بەهۆی پشتگوێخستنی لەلایەن حکومەتەوە.

ئاماژە بەوەکراوە، یەک شانەی هەنگ لە ساڵانی پێشوودا بەتایبەت لەکاتی باران و دابینکردنی ئاوی تەواودا، بەرهەمەکەی لانیکەم 40 کیلۆگرام بووە، لەکاتێکدا ئێستا ئەو بەرهەمە لە 10 کیلۆگرام تێناپەڕێت، جگە لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان نەبێت.

نوری حەدیسی ئەندامی کۆمەڵەی هەنگەوانانی عێراق لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت، لە ساڵانی ڕابردوودا پەروەردەکردنی هەنگ ببوو بە پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان کە کێبڕکێی پڕۆژەکانی دیکەی دەکرد لە کەرتەکانی دیکەدا، بەڵام ئێستا مەترسیی کەمبوونەوە و لەناوچوونی لەسەر بەهۆی وشکەساڵییەوە.

بەپێی ئەو داتایانەی خراونەتەڕوو لە هەندێک ناوچەی عێراق بەرهەمی هەنگوین بەڕێژەی 80% کەمبووەتەوە، بەڵام هەندێک ناوچە باشترن، بەوپێیەش سامانی هەنگ بەڕێژەی 50% کەمی کردووە لەسەرتاسەری عێراقدا.

ئەو ئەندامەی هەنگەوانانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، کۆی سانە هەنگە تۆمارکراوەکان لە عێراقدا بەشێوەی فەرمی 500 هەزار شانەی هەنگن، کە بەرهەمی ساڵانەیان دوو هەزار تۆن هەنگوینی سروشتییە.