وەزیری دارایی بەدواداچون بۆ کێشەی تەندروستی و بازرگانان دەکات

وەزیری دارایی و ئابوری لە سلێمانی بەدواداچون بۆ گرفت و لەمپەرەکانی بەردەم کەرتی تەندروستی و ھاوڵاتیان و بازرگان و کاسبکارانی ناوبازار دەکات.

ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠٢٢/١١/٢ بەڕێز ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم، لە ئۆفیسی تایبەتی خۆی شاری سلێمانی لەگەڵ ھەریەک لە بەڕێوەبەری گشتی بانکی ھەرێم/ سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و سەرۆکی ژوری بازرگانی ئەو پارێزگایە کۆبوەوە.

کۆبونەوەکەی بەڕێز وەزیری دارایی لەگەڵ بەرپرسی یەکەی تەندروستی تایبەت بوو بەو گرفت و ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی ئەو سێکتەرە بوەتەوە و ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی پێویست لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی سنوری پارێزگاکە بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی ھاوڵاتیان بەگشتی.

ھاوکات بەشێکی تر لە کۆبونەوەکە کە بە ئامادەبونی بەڕێوەبەری گشتی بانکی ھەرێم/ سلێمانی و سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی و ژمارەیەک بازرگان بەڕێوەچوو، بەڕێز وەزیری دارایی و ئابوری ھاوشێوەی کۆبونەوەکانی پێشوتر جەختی کردەوە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان ھەماھەنگ و ھۆکار دەبن بۆ ڕەخساندنی پانتایی زیاتری بازرگانی و نەھێشتنی ڕۆتین بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی ئەو کێشە و لەمپەرانەی بونەتە ئاستەنگ و بار بەسەرشانی ھاوڵاتیان بەگشتی و بازرگانان و خاوەن پیشەکانی ناو بازاڕەکان.