ئێران: “ئامادەین بۆ درووستکردنی رێڕەوێکی ترانزێت لە نێوان ئەرمینیا و کەنداوی بەسڕە”

وەزیری رێگاوبان و شارسازیی ئێران، رۆستەم قاسمی رایگەیاند کە ئامادەن بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی ترانزێتی نوێ لە نێوان ئەرمینیا و کەنداوی بەسڕە.

لەمبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (IRNA) بڵاوی كردەوە : رۆستەم قاسمی لە تارانی پایتەخت لەگەڵ وەزیری ئیدارەی هەرێمی و ژێرخانی ئەرمینیا، گنەل سانۆسیان کۆبووەتەوە.

ئەوەش هاتووە كە قاسمی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ هاوتا ئەرمەنییەکەی بیروڕایان دەربارەی بابەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی تونێل، رێگاوبان و شوێنی نیشتەجێبوون لە ئەرمینا لەلایەن کۆمپانیا ئێرانییەکانەوە گۆڕیووەتەوە.

قاسمی وتیەتی: “بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێران لە بواری درووستکردنی یەکەی نیشتەجیبوون خاوەنی ئەزموونێکی باشە، بڕیار لەسەر ئەوە درا کە لە چوارچیوەی جوڵانەوەی نیشتەجێکردنی نیشتمانیی کۆمپانیاکانی ئێران لە بواری بیناسازیی لە ئەرمینیا دەست بە چالاکی بکەن”.

وەزیری رێگاوبان و شارسازیی ئێران، ئەوەشی خستەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بابەتی دروستکردنی رێڕەوێکی نوێی باکوور-باشوور لەسەر ئەرمینیاوە کردووە و رایگەیاند ئامادەن بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی پەڕینەوەی ترانزێتی نوێ کە ئەرمینیا بەسەر ناوچەی نوردوز-ی پارێزگای ئازەربایجانی خۆرهەڵاتەوە بە کەنداوی بەسڕە دەبەستێتەوە.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران حوسێن ئەمیر عەبدوللاهیان، لە ٢١ی تشرینی یەکەمدا لە میانی سەردانێکیدا بۆ ئەرمینیا ئاماژەی بەوە کردبوو کە دەیانەوێت میکانیزمێکی سێقوڵی لە نێوان ئێران، هیندستان و ئەرمینیا بۆ ئەو رێڕەوی ترانزێتەی کە پلان وایە کەنداوی بەسڕە بە دەریای رەش ببەستێتەوە درووستبکەن.