وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پاڵپشتیی چاندنی 5.5 ملیۆن دۆنم زەوی دەکات

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق بڕیاری ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابوری سەبارەت بە مسۆگەرکردنی پاڵپشتیکردنی کشتوکاڵکردن لە 5.5 ملیۆن دۆنم زەوی و پاڵپشتیکردنی خاوەن کێڵگە پەلەوەری و ئاژەڵییەکان ئاشکراکرد.

حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئەنجومەنی وەزارەتەکەیان بۆ کاروباری ئابوری بڕیاریداوە بە دابەزاندنی نرخی دانەوێڵەی عەلەف بەڕێژەی 50% بۆ پاڵپشتیکردنی خاوەن کێڵگە پەلەوەری و ئاژەڵییەکان.

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی ئارد بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ وتی، ئەو پرسە پەیوەندیدارە بە وەزارەتی بازرگانی، بەڵام هۆکارەکەی زیاتر بۆئەوە دەگەڕێتەوە زۆرینە بۆ عەلەف زیاتر پشت بەگەنمی چاندن دەبەستن بەهۆی کەمیی نرخەکەیەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و ئەو گەنمەشی هەڵدەگیرێت کردووە.

لەبارەی کەمیی ئاو لە عێراق و کاریگەریی لەسەر بەرهەمی گەنم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ وتی، وەزارەتی کشتوکاڵ پلانێکی پێسکەشکردووە بۆ پاڵپشتیکردنی چاندنی شەش ملیۆن دۆنم زەوی بەڵام وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو پلانەکەی بە 2.5 ملیۆن دۆنم پەسەندکرد بەهۆی ئەوەی تەنها توانای پاڵپشتیکردنی ئەوەندەیان هەیە.

ئاشکرایکرد، وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی دووەمی پێسکەشکرد بۆ چاندنی سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە پشتبەستن بە ئاوی بیرەکان و سەرچاوەکانی دیکە، بەمەش پاڵپشتی چاندنی بڕی پێنج ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی دەکرێت.

وتیشی، 60%ی دانیشتووانی عێراق پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن وەک پیشەی سەرەکییان ئەگەر بەهۆی کەمیی ئاوەوە نەتوانن کشتوکاڵ بکەن کاریگەریی لەسەر سەرچاوەی داهات و بژێوییان دەکات و لە کشتوکاڵکردن دووردەکەونەوە.