وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا هاوڵاتیانی كوردستان لەمەترسی گەشتکردن بۆ بێلاڕوسیا ئاگادار ده‌كاته‌وه‌

بەپێی بڵاوکراوەیەک کە لەلایەن کونسوڵیەتی پۆڵه‌ندا لەهەولێر نێردراوە بۆ بەشی پەیوەندیەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوا دەکات هاوڵاتیان لەمەترسی گەشتکردن بۆ بێلاڕوسیا ئاگادار بکرێنە.

دابان نەجمەدین، ڕێکخەری پەیوەندیەکان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا کە لە ڕێگەی کونسۆڵییەتی پۆڵەنداوە لەهەولێر نێردراوە بۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی تیایدا ئەو مەترسی و پێشهاتانە ڕووندەکاتەوە سەبارەت بەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی لەڕێگەی بیلاروسیاوە دەیانەوێت سنورەکانی پۆڵەندا ببەزێنن و بچنە ئەو وڵاتەوە”.

ڕاشیگەیاند “ئەم بڵاوکراوەیە بەمەبەستی ئاگادار کردنەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە لەوەی بە گەشتکردنیان بۆ وڵاتی بیلاڕوسیا بڕیارێکی پڕمەترسی لەسەر ژیانی خۆیان دەدەن کە هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە و ناتوانن لە ئەوروپا جارێکی تر دەست بەژیانێکی تازە بکەنەوە، ئەو هاوڵاتیانەشی لە سنوری بیلاڕوسیان و ناتوانن بپەڕنەوە لە باردۆخێکی خراپدا ژیان گوزەر دەکەن و پارەیەکی زۆریان لە دەستچووە بەهۆی ئەو بڕیارە هەڵەیەوە”.

ڕێکخەری پەیوەندیەکانی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا “وڵاتی پۆڵەندا لە چەند ساڵی ڕابردودا هەماهەنگی زۆرباشی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و گەشەیەکی بەرچاوی بازرگانی دروست بووە لەنێوان هەردوو وڵاتدا و یاداشتنامەی لێک تێگەشتن واژۆ کراوە لەنێوانی ژووری بازرگانی پۆڵەندی و یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی کوردستان ، کە بەم هۆیەوە ئاسانکاری زۆر کراوە بۆ بازرگانانی کوردستان کە سەردانی پۆڵەندا بکەن بەمەبەستی چالاکی بازرگانی”.

جەختیکردەوە پۆڵەندا بووەتە یەکێک لە وڵاتە گرنگەکانی بۆ خوێندکارانی کوردستان کە ئێستە ژمارەیەکی زۆر خوێندکار ڕوویان لە وڵاتی پۆڵەندا کردووە بە مەبەستی خوێندنی بەکارلیۆس، ماستەر، دکتۆرا و چەندین خولی ڕاهێنانی بازرگانی و پیشەی. هەروەها ڕێکخراوی ئازادی و کارسازی پۆڵەندی ساڵانە چەند ۆرکشۆپ و چالاکی ڕێکخستووە لە وڵاتی پۆڵەندا کە گەنجانی کورد لە بەشدارییان هەبووە تیایدا.