هاوردەكردنی غاز لە ئێرانەوە بۆ چوار هێندە زیاددەكرێت

هاوردەكردنی غازی سروشتی لە ئێرانەوە بۆ عێراق بۆ چوار هێندە زیادكراوە و لە بەرهەمهێنانی كارەبادا بەكاردەهێنرێت.

لەم مانگەوە رۆژانە نزیكەی 40 ملیۆن مەتر سێجا غازی زیاتر لە ئێرانەوە هاوردەكراوە، عەلی ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەرهەمهێنانی كارەبا دەڵێت، “ئەو غازەی رۆژانە لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت سەرەتای ئەمساڵ 10 ملیۆن مەتر سێجا بوو، بەڵام ئێستا بۆ زیاتر لە 40 ملیۆن مەتر سێجا غاز زیادیكردووە”.

دوو رۆژ لەمەوبەر محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، “لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵدا، زیاتر لەو غازەی لە ناوخۆدا پێویستمانە، غازی سروشتی بەرهەمدەهێنین و ئەوەی دەمێنێتەوە هەناردەی وڵاتانی دەكەین”.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی هاویندا، خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا لە عێراق زیاتر دەبێت و بەوەش بەرهەمهێنانی كارەبا پێویستی بە غازی سروشتیی زیاترە، وەك بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەرهەمهێنانی كارەبا رایگەیاند.